پەرلەمانتارێک: لەبەر ئیش زۆری نەمان پەرژاوە بەدواداچوون بۆ گیراوانی لای پارتی بکەین

٢٨ گیراوەکەی دهۆک و هەولێر چارەنووسیان نادیارە و چالاکوانێکیش ڕەخنە لە لە بێهەلوێستی پەرلەمانتاران دەگرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، یاداشتیان پێنەگەیشتووە لە سەر ئەو دەسیگیرکراوانە، دەشڵێت "لە بەر سەرقاڵی و پڕ ئیشیمان نەمانپەرژاوەتە سەر ئەو کەیسانە".


لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ـدا، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، ٢٨ کەس بە بیانوی جیاواز دەستگیرکراون کە لە ناویاندا پێشمەرگە و ئەندامی پارتەکانیش هەن و تا ئێستا بێ ئەوەی بدرێنە دادگا لە زیندانەکانی دهۆک و هەولێر (مەسیف) لە زینداندان، ئەمە جگە لەو چەندین کەسەی دیکە، کە چەند مانگێکە لە زیندانەکانی سنووری هەولێردان.

بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی ئەو کەسانەی زیندانیی دەکرێن، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بیر و ڕای خۆیان دەخەنەڕوو یان ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن، جگە لەوەش زۆربەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون تۆمەتەکانیان بنەمایەکی یاساییان نییە، بۆیە ماوەیەکی درێژ ڕادەگیرێن و نادرێنە دادگا.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە گەنجانی شیلادزێ دژی ئەو فشارانەی لەلایەن ئاسایشەوە دوای سەرهەڵدانەکەی شیلادزێ دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک، خراوەتە سەر خەڵکی ئەو ناوچەیە و دەستگیرکردنی گەنجان لە دەەڤەری بادینان، سەرەڕای ئاستتەنگییەکانی ئاسایش ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

بە پێی هەندێک لە زانیارییەکان کە دەستی ڕۆژنیوز کەوتووە، هەندێک لە گیراوان گواستراونەتەوە ئاسیشی مەسیف لە هەولێر و هاوکات، دەوترێت ڕووبەرووی ئەشکەنجە بوونەتەوە، ئەمەناش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئیسماعیل عەبدوڵا ئەندامی رێکخراوی ١٧ی شوبات، باس لەوە دەکات، کە دەسەڵاتی باشور هەمیشە لە بەرامبەر بیروڕا جیاوازەکاندا زەبر و زەنگی بە کارهێناوە، دەشڵێت: بە تایبەت خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ چەندین کەس گیران کە تا ئێستا هەر نازانرێت چییان بە سەر دێت و دۆخیان چۆنە، بە نمونە مردنی ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی، کە دەگیرێت و دوای دوو ڕۆژ بە مردووی دەیهێننە دەرەوە لە زیندان، هەموو ئەمانە لە ئەستۆی حکومەتە، هەموو ئەو کەسانەی بە نایاسایی ڕاگیراون، هیچیان دادگایی نەکراون و هەر وا ماونەتەوە.

ئەو چالاکوانە ڕەخنەی لە پەرلەمانتاران گرت و وتی: ئەگەر چی پەرلەمان تا ئێستا بە کارەکانی هەڵنەستاوە و نمونەی زۆر کەیسی کۆنمان هەیە کە هەر وا ماونەتەوە، بەڵام پەرلەمان لایەنی فەرمییە و ئەرکییەتی کە بەدواداچوونی ورد لە سەر ئەم کەیسانە و ئەو ڕووداوە تەموومژاوییانە بکات و ئەگەر تەنانەت وەڵامێکیان نەبوو ڕای گشتی بورووژێنن لە بەردەم کەناڵەکان و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن، چونکە ئەگەر هەوڵێک نەبێت بۆ ئەم ٢٨ کەسە کێ نالێت ئەوانیش بە سیناریۆیەک گیان لە دەست نادەن!.

لەسەر کەیسی ئەو دەستگیرکراوانە، بەدرییە ئیسماعیل جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، نیگەرانی خۆی خستە ڕوو کە تا ئێستا ئەوکەسانە دادگایی نەکراون، "بابەتەکەش تەنها ئەوەیە کە پێدەچێت شوێنکەوتەی حزبێک یان لایەنێک بن، بۆیە ئەمە بە نایاسایی و زۆڵم دەزانین بەرامبەر بەو هاوڵاتییانە کە کراوە".

٢٨ کەس کە زۆرینەیان گەنجن بەبێ دادگایی لە زیندانەکاندان، بەڵام وەک بەدریە ئیسماعیل دەڵێت، بە هەستی بەرپرسیارییەتییەوە دەڕواننە هەر هاوڵاتییەک لەم هەرێمەدا بە جۆرێک نادادپەروەرییەکی بەرامبەر کردبێت، یاداشتیان پێنەگەیشتووە لە سەر ئەو دەسیگیرکراوانە، دەشڵێت "لە بەر سەرقاڵی و پڕ ئیشیمان نەمانپەرژاوەتە سەر ئەو کەیسانە".

هەروەها شیرین ئەمین ئەندامی پەرلەمانی هەرێم لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە سەر دەستگیرکردنی ئەو کەسانە پرسیاری ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کردووە و پرسیویەتی کە "ئایا ئەو گەنجانە بە چ تۆمەتێک دەستگیرکراون و بۆچی ڕێگا بە کەسوکاریان نادرێت بیان بینن"، بەڵام وەک خۆی بە ڕۆژنیوزی وت، تا ئێستا لە پەرلەمانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران داواکەی بەرز نەکراوەتەوە.

بێ ئاگایی پەرلەمانتارەکەی هەرێم لە کاتێکدایە، چەندین جار خۆپیشاندان لە هەولێر، هەروەها لە شیلادزێ و وڵاتانی دەرەوەش دژی دەستگیکردنی ئەو کەسانە بەڕێوەچووە.

س.ح