چۆمان، ئەمە ئەنجامی ناهۆشیارییە

بەهۆی نەبووی هۆشیاری ژینگەیی و نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕووباری چۆمان پیس بووە، ئەو پیسبوونەش مەترسی بۆسەر کەرتی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا و ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە.


ڕووباری چۆمان، گەورەتیرن ڕووباری ناوچەی باڵەکایەتییە لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە سەرچاوەی ئاوی ڕووبارەکە، لە ئاوی باراناو و توانەوەی بەفری شاخەکان و ئاوی کانییەکان پێکدێت.

ئەم ڕووبارە بەتەنیشت شارۆچکەی چۆمان-دا، دەڕوات و دەڕژێتە ڕووباری زێی گەورەوە، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی ڕووباری چۆمان بەلایاندا تێپەڕ دەبێت سود لە ئاوی ڕووبارەکە وەردەگرن بۆخواردنەوە و کشتوکاڵ، هەروەها ئەم ڕووبارە سەرچاوەیەکیشە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ناوچەکە.

لە ئێستادا ڕووباری چۆمان پیس بووە، ئەوەش بەهۆی بوونی کۆمەڵێک بەنزینخانە و جێگای کڕین و فرۆشتنی گازوایل لە نزیک ڕووبارەکە و فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ ناو ڕووبارەکە، ئەوەش مەترسی لەسەر ژینگەی ناوچەکە و ژیانی هاولاتیان دروستکردووە.

بەخیتار بەهجەت، بەرپرسی 'ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەكران'، کە پڕۆژەیەکی گەشتیارییە لە چۆمان، ئاماژەی بە گرنگی ڕووبای چۆمان و سەرچاوە ئاوییەکانی دیکەی چۆمان کرد بۆ ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ناوچەکە و وتی:"لە سنووری چۆمان ژمارەیەکی زۆر ڕووبار و سەرچاوەی ئاومان هەیە كە گرنگترینیان ڕووباری چۆمانه‌، ئەم ڕووبارە سەرچاوەی ژیانی زۆر خەڵكه‌، بێجگە لەوەی بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکار دێت، سەرچاوەیەکە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار".

ناوبراو نیگەران بوو لەوەی، کە نەتوانراوە پارێزگاریەكی باش لە ڕووبارەكە بكرێت و بە پاكی ڕابگیرێت، دەشڵێت:"بۆ پاک ڕاگرتنی ڕووباره‌که‌ پێویستە خەڵك و حكومەت هاوكارو پشتیوانی یەكتربن".

هەروەها كارۆخ عەلی،کە چالاكوانێکی ژینگەیە، لە دەڤەری باڵەكایەتی، بۆ ڕۆژنیوز، باسی لە هەوڵەکانیان بۆ پاککردنەوەی ڕووبارەکە کرد و، وتی:"چەندین جار خۆبەخشانە هەستاوین بە پاکردنه‌وه‌یی ڕووباری چۆمان لە پلاستیك و نایلۆن و ئەو شتانەی كە لەلایەن خەڵكەوە دەخرێنە ڕووبارەکەوه‌، بەڵام هەمیشە ساڵانە پیس دەكرێتەوە و پارێزگاری لێناكرێت، بۆیە پێویستە شارەوانی و لایەنی پەیوەندییدار ڕێوشوێنی توند بگرنە بەر بۆ پاراستنیی ڕووباره‌که‌".

ئەحمەد قادر، قائیمقامی شارۆچكەی چۆمان، ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ڕووبارەکە و بە ڕۆژنیوزی وت:"زۆر هەوڵمانداوە كە ئەم ڕووبارە بە پاكی بمێنێته‌وه‌، بۆ ئەم مەبەستەش چه‌ندین کارگه‌مان داخستووه‌ که‌ زیانیان به‌ ڕووبارەکە دەگەیاند، هەروەها ئاگاداری هەموو ئەو بەنزینخانە و ڕونگۆرانەمان كردووەتەوە کە لەنزیک ڕووبارەکەن لە ڕووبارەكە دووربكەونەوە، داواکاریشین لە  هاوڵاتیان کە هاوكاربن بۆ پاراستنی ڕووبارەكە''.

 


س.ح