چۆمان، لەبری ئاو قوڕ و لیتە دەگاتە ماڵان

چەند ساڵێکە لە شارۆچکەی چۆمان، ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵان پیسە و بەکەڵکی خواردنەوە و بەکارهێنان نایەت، تەنانەت بووەتە هۆی نەخۆشکەوتنی هەندێک لە هاوڵاتیان، قائیمقامی چۆمانیش پیسیی ئاوەکە بۆ پاڵاوتگەی ئاوی چۆمان دەگەڕێنێتەوە.


لەگەڵ ئەوەی چەندین سەرچاوەی ئاوی پاک لە دەڤەری باڵەکایەتی هەن، بەڵام لە قەزای چۆمان، ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵەکان زیخ و خۆڵی زۆری تێدایە، هاوڵاتیان و چالاکوانان لەوبارەیەوە قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد، دووپاتیانکردەوە کە چەند ساڵێکە ئەو گرفتەیان هەیە، قائیمقامی چۆمان-یش دان بە بوونی گرفتەکەدا دەنێت.

ڕێباز حەمەد، هاوڵاتیەکی شارۆچکەی چۆمانە، لەو بارەیەوە وتی: "ئاوی خواردنەوەی چۆمان بەتەواوەتی پیسیی پێوەدیارە، زۆرجار بەس قوڕ و لیتە دەگاتە ماڵان، بۆیە ناچارین هەموو مانگێک تەنکیی سەربانەکانمان پاکبکەینەوە، زۆربەی جار بۆ خواردنەوە و پاککردنەوەی کەلوپەلەکانمان ئاو دەکڕین و بەکاردێنین، ئەوەش لە توانای هەموو کەسێک نییە کە ئاو بکڕێت".

بەوتەی ئەو هاوڵاتیە، چەند جارێک ئەو کێشەیەیان گەیاندووەتە حکومەت، بەڵام هیچ وەڵام و چارەسەرێکیان پێ نەبووە، بۆیە نیگەرانن لە حکومەت و بەڵێنەکانی.

فەرمان محەمەد، چالاکوانێکی مەدەنیە لە چۆمان، لە چەند کەمپەینێک بۆ پاککردنەوەی پرۆژەی ئاوی شارۆچکەکە بەشداربووە، ئاشکرایکرد، ماوەی حەوت بۆ هەشت ساڵە ئەو ئاوەی دەگاتە چۆمان خراپە، ئەوەش جێی نیگەرانیی سەرجەم چین و توێژەکانە، چونکە سەرچاوە ئاوییەکانی باڵەکایەتی پاک و خاوێن  و تەندروستن، بەلام ئەو ئاوە کە دەگاتە ماڵان ئاوێکی لێڵ و پیسە.

ئەو چالاکوانە وتیشی: لەکاتی دروستکردنی پرۆژەی ئاوی چۆمان، هیچ پلانێک نەبووە بۆ ئەوەی ئاوەکە بەشێوەیەکی پاک بێتە ناو بۆرییەکانی دابەشکردن، ئاشکراشیکرد کە بەتایبەتی لە وەرزەکانی پایز و زستان و بەهاردا و لەکاتی بارانباریندا ئاوەکە پیس دەبێت.

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بە کاریگەریی ئاوە پیسەکەی چۆمان کرد لەسەر تەندروستیی هاوڵاتیان، ئاشکرایکرد، خەڵکێکی زۆر لە چۆمان توشی نەخۆشیی گورچیلە بوون، ڕاپۆرت و پشکنینە پزیشکییەکانیش سەلمێندویانە کە هۆکاری ئەو نەخۆشییانە ئاوی پیسە، چونکە ئاوەکە قوڕ و لیتە و زیخ و بەردێکی زۆری تێدایە.

بەوتەی فەرمان، چالاکوانان و چین و توێژەکانی شارۆچکەکە چەندین کەمپەینیان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە و لە دەرگای زۆر دامودەزگای حکومییان داوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی پێویستیان وەرنەگرتووە.

ئەحمەد قادر، قائیمقامی چۆمان، نکۆڵی نەکرد لە پیسیی ئاوی چۆمان، وتی:"ڕاستە کێشە لە ئاوی چۆماندا هەیە، ئەوەش بەهۆی سەختیی شوێنی سەرچاوەی ئاوەکەوەیە کە لێیەوە هاتووە، بۆیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کارمان کردووە، کە نەخشەسازیی شوێنەکە بکرێـت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و پاڵاوگەی ئاوی چۆمان بەکاربهێندرێتەوە، عەمبارێکیش  دروستبکرێت. 

ڕۆژنیوز هەوڵیدا قسەی پزیشک وەربگرێت لەبارەی کاریگەرییەکانی ئاوی چۆمان لەسەر تەندروستیی هاوڵاتیان، بەڵام ئامادەنەبوون لەو بارەیەوە هیچ شتێک بڵێن، لەگەڵ ئەوەی بەوتەی خۆیان، دڵنیان کە ئاوەکە پیسە.

لە ساڵی ٢٠١٤ پاڵاوگەیەک بۆ پاڵاوتنی ئاوی قەزای چۆمان دروستکراوە، بەڵام گرفتی هەیە، چونکە ئەو بۆری و پەمپانەی کە ئاو لە پاڵاوتگەکەوە دەگوازنەوە بۆ تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو، بچوکن و قەبارەکەیان شەش ئینجە، بەڵام قەبارەی ئەو بۆرییانەی ئاو لەسەرچاوەکانەوە دەگەیەننە پاڵاوتگەکە، گەورەترن و قەبارەیان ١٠ ئینجە، بەهۆی ئەو گرفتەوە ئێستا کاری پێناکرێت، ئەو ئامێرەشی کە ماددەی کلۆر دەکاتە ئاوەکەوە، لەکارکەوتووە.

ک.ک