چۆمان، لەبری حکومەت خەڵک گوند و ناوچە گەشتیاریەکان پاکدەکەنەوە

لە هەڵمەتێکدا لە شارۆچکەی چۆمان، لەبری حکومەت خەڵک گوندو ناوچە گەشتیاریەکانیان پاکدەکەنەوە، بەشداربووانی هەڵمەتەکەش دەڵێن: بڕیاریانداوە مانگی جارێک هەڵمەتەکە ئەنجام بدەن.


ژمارەیەك لە كچان و كوڕانی گوندی ناوپردانی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە سنوری پارێزگای هەولێر بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکەیان هەڵمەتێكی پاككردنەوەی زبڵ و خاشاكیان دەستپێكرد و گوندەكەیان پاككردەوە و بڕیاریشیانداوە ئەم هەڵمەتە مانگی جارێك بەردەوامی پێ بدەن.

ناوپردان ناوچەیەكی گەشتیارییە و زۆربەی گەشتیارانیش كە ڕوو لەو ناوچەیە دەكەن پابەندنین بە پاراستنی ژینگەکەی و حکومەتی هەرێمیش کەمتەرخەمە لە پاککردنەوەی ئەو ناوچانە.

لە بارەی هەڵمەتەکەیانەوە شەماڵ ناوپردانی، یەکێک لە بەشداربووانی هەڵمەتەکە بۆ ڕۆژنیوز، وتی: "كێشەی ژینگە كێشەیەكی گەورەیە و تادێت ژینگە بەرەو خراپببوون و پیس بوون دەڕوات بۆیە ئێمە وەك گەنجانی ناوپردان بە هەموو توێژەكانەوە بڕیارماندا كە هەڵمەتێك بۆ پاككردنەوەی گوندەكەمان بكەین لە زبڵ و خاشاك"، وتیشی: داواكارین هەموو كەسێك هەوڵی پاكڕاگرتنی ژینگە بدەن، ئەم هەڵمەتەی ئێمەش بەردەوامی پێ دەدەین و مانگی جارێك سروشتی ئەم ناوچەیە پاكدەكەینەوە.

ژنان بەشداری کارایان لە هەڵمەتەکەدا کرد و لەو بارەیەوە ڤیان حەمەدەمین، وتی: ژنان بە ڕێژەیەكی زۆر بەشداربوون ئەمەش تایبەتمەندیەكی زۆر باش بە گوندەكان دەبەخشێت كە ژنان پێشەنگایەتی ژینگە پارێزی ناوچەیەكەیان بكەن، بۆیە ئەگەر لە هەرشوێنێك ژن بەشداربێت لە پاراستنی ژینگەدا ئەوا كاریگەرەیەكی زۆر باش لەسەر كۆمەڵگە بە هەموو شوێنەكان دادەنێـت و هەموو كوردستان بە پاركی دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "بەشێك لە گەشتیاران كاریگەریەكی زۆرخراپ لەسەر ژینگە بەجێدێڵن كە بەردەوام پاشماوەكانیان لە دوای خۆیان بەجێدێڵن و ژینگەی ناوچەكە ناپارێزن بۆیە داواكارین هەم خەڵكی ناوچەكە هەمیش گەشتیاران ژینگە بە گشتی بپارێزن".

ک.س