چیرۆکی حاجی لەقلەقەکانی گوندی کانی ماران

حاجی لەق لەقەکانی گوندی کانی ماران، لەگەڵ ئەوەی دیمەنێکی جوانی بە گوندەکە بەخشیووە، وەک هاوڵاتیانی سنورەکە دەڵێن: بەهۆی ئەوەی دەیان ساڵە ئەو باڵندانە لە سنورەکەدا دەژین، بوونەتە بەشێک لە مێژووی ناوچەکە و ئێستا هەر کاتێک حاجی لەقلەقەکان کۆچ دەکەن هەمووان چاوەڕوانی هاتنەوەیان دەکەن.


گوندی کانی ماران بە دووری نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچکەی ڕانیەوە دوورە، سەر بە شارەدێی حاجیاوای سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینە، ئەو گوندە جیاواز لەوەی بە بەخێوکردنی گامێش و ماستەکەی دەناسرێتەوە، هاوکات بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی حاجی لەق لەق، کە بەسەر ستوونی کارەباکانیەوە دەبینرێت، گوندەکە دەناسرێتەوە.

حاجی لەق لەق، باڵندەیەکی کۆچەرییە و گەرمیان و کوێستان دەکات و بەیەکێک لە باڵندە بێ زیانەکان دادەنرێت و لە ساڵێکدا تەنیا دوو هێلکە دەکەن و لەدوای گەورەبوونیان بێچووی حاجی لەق لەقەکان لە دایک و باوکیان جیا دەبنەوە و هێلانەی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن.

بەوتەی دانیشتوانی سنوری گوندی کانی ماران دەیان ساڵ پێش ئێستا نزیکەی حەوت بۆ هەشت حاجی لەق لەق بەهۆی گونجاوی سروشتی ناوچەکەوە، لەسەر ستونی کارەباکانی سەر ڕێگای ڕانیە – سلێمانی چەند هێلانەیەکیان درووست کردوە، بەڵام ئێستا ژمارەیان زیادیان کردووە. 

ڕێکان عەلی، دانیشتویەکی گوندی کانی ماران-ە سەبارەت بە حاجی لەق لەقەکانی سنوری گوندەکەیان بۆ ڕۆژنیوز دووا و وتی: حاجی لەق لەق، باڵەندەیەکی کۆچەرییە گەشت دەکات بۆ ناوچەکانی گەرمیان و کوێستان و زیاتر لە وەرزی زستان لە سنورەکەی ئێمە دەمێننەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سنوری گوندی کانی ماران شوێنێکی گونجاو و لەبارە بۆ ژیانی حاجی لەق لەقەکان و چەم و ڕووباری زۆرە و دەریاچەی دووکانیش نزیکە و حاجی لەق لەقەکان دەتوانن بۆ ڕاوکردن سوود لە ماسی و بۆق و ماری ناوچەکە وەربگرن، هەروەها ستونی کارەباش هەیە بۆ ئەوەی لەق لەقەکان هێلانەکانیانی لە سەر دروست بکەن و خۆیان لەمەترسییەکان بپارێزن.

لە بارەی تایبەتمەندییەکانی حاجی لەق لەقیشەوە، ڕێکان وتی: هەموو حاجی لەق لەقەکان بنەماڵەی تایبەتی خۆیان هەیە هیچیان ناتوانن بچنە هێلانەی ئەوەی دیکەوە، دیمەنی جوانی هێلانەکان سروشتی جوانی بە دەڤەرەکە بەخشیووە، خۆشبەختانەش خەڵکی گوندی کانی ماران تا ئێستا ئازاری حاجی لەق لەقەکانیان نەداوە و گەشتیارانیش دێن و وێنەیان دەگرن.

بە وتەی دانیشتوانی سنوری گوندی کانی ماران، لەسەرەتای چوونی حاجی لەق لەقەکان بۆ سنوری گوندی کانی ماران ژمارەیان حەوت بۆ هەشت حاجی لەق لەق بووە، بەڵام ئێستا ژمارەیان زیادیان کردووە بۆ سەر و ٦۰ حاجی لەق لەق و لە مانگی شوباتی هەموو ساڵیک دەگەڕێنەوە بۆ گوندی کانی ماران و تا مانگی ۱۰ لەو سنوورە دەمێننەوە و ئێستا ئەوان بونەتە بەشێک لە مێژووی سنورەکە و هەر کاتێک کۆچ دەکەن و دوور دەکەونەوە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەکەن.


ک.ک