چەتەکان ئاگر لە زەوی و زاری هاوڵاتیانی عەفرین بەردەدەن

چەتەکانی سەر بە سوپای تورک ئاگر لە زەوی و زاری هاوڵاتیانی عەفرین بەردەدەن و دەیانسووتێنن، بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکانیش، هەزران دۆنم زەویی کشتوکاڵیی هاوڵاتییان لەلایەن چەتەکانەوە سووتێندراوە.


هێزە داگیرکەرەکانی عەفرین سەرەڕای هەموو پێشێلکارییەکانیان لەدژی هاوڵاتیان، دەستییانکردووە بە قڕکردنی سروشت و ژینگەی عەفرین و ئاگر لە زەوی و باخە زەیتوونەکانی هاوڵاتیان بەردەدەن.

سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندوە، کە شەوی ڕابردوو لە گوندی مەیدانک و مەیدان ئەکبەزی سەر بە ڕاجۆ و گوندەکانی زاهرە و شەنگالی سەر بە بلبلێ، چەتەکانی سوپای تورک زەویی هاوڵاتیانیان سووتاندووە.

سوپای تورک و چەتەکانی هێرش بۆ سەر عەفرینیان لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دوەمی ئەمساڵەوە دەستپێکردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە داگیرکارانەیەدا، سەدان هەزار هاوڵاتی ئاوارەبوون و هەزاران هاوڵاتیش کوژران، لە پاش داگیرکردنی عەفرینیشەوە ڕۆژانە هاوڵاتیان دەڕفێندرێن، ماڵ و موڵکیان تاڵان دەکرێت و زەوی و زاریان دەسووتێندرێت.

ب.ل