ڕاوكردنی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكانی گەرمیان بەردەوامە

دەستدرێژییەكان بۆسەر ژینگە و ئاژەڵە كێوییەكانی گەرمیان بەردەوامە و ژینگەپارێزان و پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی هۆکاری سەرەکیی نەبوونی یاسایەکی تایبەت و سزای گونجاوی سەرپێچیکارە.


له‌ماوه‌ی نۆ مانگی یەكەمی ئه‌مساڵدا له‌ سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان، ٢٠٣ سه‌رپێچیكار و ڕاوكەری ئاژه‌ڵی كێوی و باڵنده‌كان ده‌ستگیركراون‌ و لە بەرامبەردا  بڕی ٩ ملیۆن و ٣٧٠ هەزار دینار وەك پێبژاردن و سزا لە سه‌رپێچیكاران وه‌رگیراوه‌، هەروەها ده‌ست به‌سه‌ر ٨٥ پارچه‌ چه‌كی تایبەت بە ڕاوكردن و ٥٨ كه‌ره‌سته‌ی ڕاو و داربڕین و ماسی گرتن-دا گیراوه‌، ٢٠ ئاژه‌ڵی كێوی و باڵنده-ش‌ ئازادكراون، بەڵام ڕێکخراوە ژینگە پارێزییەکان پێیانوایە، کە بۆ بنەبڕکردنی ڕاوکرد، ڕێوشوێنی پێویست نەگیراونەتە بەر.

ئیبراهیم زه‌ریف، به‌رپرسی ڕێكخراوی ژینگه‌پارێزی گه‌رمیان، لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە بەردەوامیی و زیادبوونی ڕاوکردن کرد لە سنوورەکە و وتی:"به‌داخه‌وه‌ ڕێگیرییه‌كان وه‌ك پێویست نین و نه‌بوونی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌سزادانی سه‌رپێچیكارانی بواری ژینگه،‌ ڕێگاخۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ زیاتر تێكبدرێت".

ئەو ژینگەپارێزەی گەرمیان ئاشكراشیدەكات"به‌شێك له‌ ڕاوەكان به‌رپرسه‌كان و كه‌سانی نزیك له ‌به‌رپرسان ئەنجامی دەدەن، هەروەها ٢٥%-ی ئه‌وانه‌ی كە له‌گه‌رمیان ڕاوده‌كه‌ن، خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی گه‌رمیانن"، وتیشی: ئه‌گه‌ر ڕێگریی نەکرێت، گه‌رمیان تووشی كاره‌ساتی ژینگه‌یی ده‌بێت.

هەروەها، سه‌ركه‌وت داود، وته‌بێژی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گه‌رمیان باسی لەوە کرد، کە نەبوونی دادگا و دادوەرێكی تایبەت بە ژینگە و سزادانی سەرپێچیكاران كێشەی بۆ دروستكردوون، سەرپێچیكارانیش تەنها بە سزایەكی دارایی سزا دەدرێن، ئەمەش وایكردووە ڕاوكردنی ئاسك و باڵنده‌ ڕوو له‌زیادبوون بكات، بەڵام ئەگەر سەرپێچیكاران و ڕاوكەران بە بەندكردن سزابدرێن، ئەوكات دووبارەیناكەنەوە.

سه‌ركه‌وت داود، بەپێویستی دەزانێت، کە یاسایه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ئاژه‌ڵی كێوی و باڵنده‌ ده‌كوژن، به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ سزابدرێن، نه‌ك ئه‌و ڕێنماییه‌ی ئێستا كاریپێدەكرێت بۆ سزادانی سەرپێچیكاران و تەنها سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنێت.

لەبارەی چۆنێتیی سزادانی سەرپێچیكارانەوە، دورێد سه‌لیم، به‌ڕێوه‌بەری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان، وتی: پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گه‌رمیان هه‌ر ڕاوچییه‌ك ده‌ستگیربكات، ده‌بێت ڕەوانەی فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیانی بكات، تا فه‌رمانگه‌ی ژینگه مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاوچییه‌دا بكات له‌سه‌ر تاوانكارییه‌كه‌ی دژ به‌ ئاژەڵ و باڵنده‌كان.

دورێد سه‌لیم، وتیشی: بۆ كوشتنی ئاسكێك ١٠ ملیۆن دینار وەكو سزا دیاریكراوه، بۆ كوشتنی باڵنده‌یه‌كی بچوكیش ٣٥٠ هه‌زار دینار سزاكەیەتی.

به‌ڕێوه‌بەری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان گلەیی ئەوەشیكرد، كە ئەو كەسانەی پۆلیسی دارستان دەیاننێرن بۆ فەرمانگەی ژینگە بۆ سزادان، تەنها لەسەر كوشتنی باڵندە و كەروێشكە و تا ئێستا هیچ كەیسێكی كوشتنی ئاسكی نەناردووە بۆ فەرمانگەكە، بۆیە به‌ڕێوه‌بەری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان بە تەنزەوە وتی:"وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م گه‌رمیانه‌ كه‌س ڕاوی ئاسك نه‌كات، ئه‌و هه‌موو ئاسكه‌ كوژراون، ئێمه‌ كه‌سێمان بۆ نه‌هاتووه‌ له‌سه‌ر كوشتنی ئاسك سزای بده‌ین".

جێگای ئاماژەیە لە هەرێمی کوردستان وەزارەتێکی تایبەت بە ژینگە نییە، بەڵکو تەنیا دەستەیەک بەناوی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەوە هەیە، هەروەها لەجیاتی یاسایەکی تایبەت بۆ قەدەغەکردنی ڕاوکردن و سزادانی ڕاوچی، دەستەکە ڕێنمایی دەرکردووە و بەپێی ئەو ڕێنماییە تاوانباران سزا دەدرێن.

ژینگەپارێزان-یش داوای دامەزراندنەوەی ئەو وەزارەتە دەکەن، کە لە ساڵانی پێشتر هەبوون و لە ساڵی ٢٠١٠ بوو بە دەستە، ژینگە پارێزان بەنیازیشن، کە پێش دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم داواکارییەکانیان بگەیەننە پەرلەمان و حکومەت، بۆئەوەی لە کابینەی نوێدا وەزارەتی ژینگە دابمەزرێندرێتەوە.

ش.ف