ڕاوکردنی ڕیشۆڵە زیانی بۆ كشتوکاڵ دەبێت

گروپی کشتوکاڵی 'ARD' بە هاوبەشی لیژنەکانی قائیمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، ڕاکردنی ڕیشۆڵە زیان بە کشتوکاڵ دەگەیەنێت.


ئەمڕۆ، گروپی کشتوکاڵی 'ARD' بە هاوکاری لیژنەکانی قائیمقامیەتی مەڵبەندی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان لە بەردەم باخی گشتی لە سلێمانی ئەنجامدا لەسەر ڕاوکردنی ڕیشۆڵە و دەرئەنجامە خراپەکانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ڕێگریکردن لە ڕاوکردنیان.

ژیار سیروان، بەرپرسی گروپی کشتوکاڵی 'ARD' ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکەم پڕۆژەیان ئاڕاستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردووە بە هاوکاری قائیمقامی سلێمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و ڕێگریکردن لە ڕاوکردنی باڵندەی ڕیشۆڵە.

وتیشی: بە ڕاوکردنی ڕیشۆڵە دەردە کشتوکاڵیەکان زیاد دەکات، چونکە لە خاکدا کرمە بڕە و سن و کولە هەیە، کە ڕیشۆڵە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ لەناوبردنی ئەو مێروانە، بەڵام بەداخەوە ڕاوکردنی ڕیشۆڵە زیاد بووە، بەتایبەت لە شاری هەولێر کە وەک خواردن دەیخۆن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی یاسا گرتن و ڕاوکردنی یەک ڕیشۆڵە بڕی ۱۰۰ هەزار دینار سزای ئەو کەسە دەدرێت کە ئەو کارە دەکات.

ژیار لە کۆتایدا وتی: داواکارین ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و کشتوکاڵییەکان و ژینگەییەکان هاوکارمان بن بۆ ئەم پڕۆژەیە، کە ڕێگریکردنە لە ڕاوکردنی ڕیشۆڵەکان.

دواتر گۆران قادر، بەرپرسی لیژنه هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی ناوەندی سلێمانی ڕایگەیاند: پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکەن، کە بۆ پاراستنی ژینگە دەدرێت، ئەوان دوو لیژنەیان هەیە کە لە بواری ژینگەدا کاردەکەن، هەمیشە لە هەوڵ بەردەوام دەبن تاوەکو ژینگەیەکی تەندروست دروست بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە شاری سلێمانی شوێنێک نیە، کە ڕیشۆڵەی تێدا بخورێت، چونکە ڕێگەپێدراو نیە، هەروەها گرتنی ڕیشۆڵە کارێکی نایاسایە لە ڕێگەی لیژنەکانەوە هەوڵی ئازادکردنی سەرجەم باڵندە کێویەکانمان داوە.

ک.ک