ڕاوکردن لە گەرمیان بەردەوامە و پۆلیسیش ناتوانێت دەستگیریان بکات

راوکردن لە سنووری گەرمیان بە گشتی و شارۆچکەی خانەقین بەردەوامیی هەیە، پۆلیسی دارستانیش ڕایدەگەیەنێت، ناتوانین دەستگیریان بکەین، سەرۆکی ڕێکخراوێکی ژینگەییش دەڵێت: دادوەرەکان هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی ڕاوکردن.


ڕاوکردن لە سنووری گەرمیان بەردەوامیی هەیە و بووتەهۆی لەناوبردنی زۆرینەی ئاژەڵە کێوسییەکانی سنوورەکە.

شوان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان وژینگەی گەرمیان، دەڵێت، ڕاوکردنی ئاسک و ئاژەڵە کێوییەکان لە گەرمیان بەردەوامی هەیە و لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری خانەقین ڕووی لە زیادبوون کردووە و دەربارەی ڕێگرییەکانیان وتی: ئێمە ناتوانین هیچ ڕاوچیەک دەستگیربکەین، چونکە دادوەرەکان ڕێگایان پێ نەداوین، هەر ڕاوچییەک دەستگیردەکەین ناتوانین لای خۆمان بیهێڵێنەوە یا ئۆتۆمبیلەکەی دەست بەسەربکەین.

شوان محەمەد، وتیشی: بەهۆی ئەوەی ئەو ڕاوچیانەی دوای دەستگیرکردنیان ئازاد دەکرێن، ئەم کارە وایکردووە ڕاوکردن ڕوو لەزیاد بوون بکات، بەداخەوە نە دادەورەکان و نەقائیمقامییەتی شارۆچکەی خانەقینیش، نەیتوانیوە هاوکارمانبن.

سەبارەت بەهەمان پرس، ئیبراهیم زەریف، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: لەبەر ئەوەی ٩٥%ی ئاسک لە ناوچەی گەرمیان کوژراوە و لەناوبراوە، بۆیە ڕاوکردن ڕووی لەکەم بونەوە کردووە لەچاو ساڵانی ڕابردوو، بەڵام لەناوچەکانی سەر بەخانەقین ڕاوکردن بەردەوامیی هەیە.

ئیبراهیم زەریف، وتیشی: هۆکاری زۆری و بەردەوامیی ڕاوکردنی ئاسک لە ناوچەکانی سنوری خانەقین، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەرپرسیارێتی و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاوچییەکان بەپێی یاسا لەلایەن دادوەرەکانەوە، کە لەم پرسەدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

س.ح