
ڕاوکەرانی باڵندە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە
لە سنووری شارۆچکەی جەمچەماڵ سێ ڕاوچیی دەستگیر کران و ڕادەستی دادگا کران.
ئەمڕۆ، هێمن کەمرخان ئەفندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی سێ سەرپیچیکاری ڕاگەیاند، کە لە شاخی قولە ڕەش لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ-ی پارێزگای سلێمانی سەرقاڵی ڕاوکردنی باڵندەی کێوییی بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەستگیرکردنی ئەو سێ سەرپێچیکارە، لەچوارچێوەی مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تەکیە سەر بە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی چەمچەماڵ بووە.
باس لەوەش کراوە، کە هاوکات دەستگیراوە بەسەر چەکێکی جۆری تاپڕ و دوو فیشەکی تاپڕ و لایتێکی دەستیی، کە بۆ ڕاوکردن بەکاریان هێنابوو، لەگەڵ یەک باڵندەی زیندوو لەجۆری سوێسکە و باڵندەیەکی ڕاوکراودا.
هەروەها، ئەوەش هاتووە: پاشان سەرپێچیکاران وکەرەستە دەست بەسەراگیراوەکان ڕادەستی دادگا کران بەمەبەستی لێپێچینەوەی یاسایی .
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەختی لەوە کراوەتەوە، کە لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان دا پێویستە هەموان پابەندبین بەڕێنمایە کانی پۆلیسی دارستان.
ش.ف