ڕاپەڕین، هەزار و ٩٤٥ داری سروشتی سوتاون

ساڵی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، هەزار و ٩٤٥ داری سروشتی سوتاون، ٣٣کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ و هەشت کەسیش بەهۆی سوتانەوە گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەریەک لە ئادەم جەبار، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی دارستان و ژینگە، حسێن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانی، خۆشناو حەسەن وتەبێژی هاتووچۆی ڕاپەرین ئاماری ساڵی ڕابردوویان ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ئامارەکەی، بەڕێوبەرایەتیی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، ساڵی ڕابردوو ٩٨ کەس بە تۆمەتی ڕاوی ماسی، ٢١ کەسیش بە تۆمەتی ڕاوکردنی باڵندە  و یەک تۆمەتباری ئاژەڵی کێوی و دەستگیرکراون.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، ٢١ کەس بە تۆمەتی زێدەڕۆیی و بیرهەڵکەندن و  نۆ کەس-یش بە تۆمەتی داربڕین و خەڵوزکردن، دەستگیرکراون.

هەروەها، ١٧٣٠٥ دۆنم پوش و پاوان سوتاون و هەزار و ٩٤٥ داری سروشتی سوتاون و ٥٠ داری چێندراو بڕدراون و ١٣٤ داری دیکەش زیانیان پێگەیشتووە.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانییش، ٢٦٤ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی نەزاندراو، ٩٨ بەهۆی شۆرتی کارەبا، ٥٠ ڕووداوی بە ئەنقەست و کەمتەرخەم، ٢٦ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی غازەوە و ٨٨ ئاگرکەوتنەوەی دیکە بە ڕووداوی جۆراوجۆر تۆمار کراون.

دەربارەی زیانە ماددیەکانی ڕووداوەکانی سنورەکە، ئامارەکە ئاشکرایکرد، کە زیانەکانی ئاگر کەوتنەوەکان ١١٠ ملیۆن و ٦٦٨ هەزار دینار بووە و زیانەکانی لافاویش دوو ملیارد و ٤٦٤ ملیۆن و حەوت هەزار دینار بووە.

هەروەها، هەر لەو ساڵەدا شەش کەس بە رووداوی خنکان گیانیان لەدەستداوە، کە ئەمە بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ کەمیکردووە و لەو ساڵەدا ١٦ حاڵەتی خکان هەبووە.

١٠ حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان هەبووە، کە هەشتیان بەهۆی سوتانەوە بووە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕیوبەرایەتیی هاتووچۆی ڕاپەڕین-یش، ساڵی ڕابردوو، ٢٤٦ڕووداوی هاتووچۆ هەبووە، کە  ٦٤ڕووداو لەناو شاردا ڕوویان داوە و ۱۸۲ڕووداویش لە دەرەوەی شار بوون.

هەر بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە، ساڵی ڕابردوو ٣٣ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٣٤٥ی دیکەش برینداربوون.

 

ش.ف