ڕووبارەكانی باڵەكایەتی بوژاونەتەوە

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و توانەوەی بەفری كوێستانەكانی باڵەكایەتی، ڕووباری سەرەكی چۆمان و ڕووبارە لاوەكیەكانی ناوچەكە ڕێژەی ئاویان تێدا بەرزبووەتەوە، هاژە و خوڕەی ئاو ناوچەکەی پڕکردووە، هاوڵاتیانیش سەرەڕای دڵخۆشیان بە بوژاندنەوەی سەرچاوە ئاویەکان، نیگەرانن کە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لافاو زیانیان پێبگەیەنێت.


باڵەكایەتی وێڕای هەبوونی سەدان كانیاوی سازگار، چەندین جۆگەلە و ڕووباری گەورە و بچوكیشی تێدایە، ڕووباری گەورەی چۆمان كە سەرچاوەكەی لە كانی شێخی باڵەكان هەڵدەقوڵێ و بەناوەڕاستی سەنتەری شارۆچكەی چۆماندا تێدەپەڕێت، چەندین ڕووباری لاوەكیش دەرژێنە ناوی و لە ئێستاشدا ڕووبارەكان بەهۆی هاتنی وەرزی بەهار ڕێژەی ئاویان تێدا زۆربووە.

ڕووبارەكانی باڵەكایەتی، بریتین لە ڕووباری گەورەی چۆمان كە درێژ دەبێـتەوە بۆ ڕەواندوز و گەلی عەلی بەگ و سۆران و خەلیفان و دواتریش دەرژێتە زێی بچوك، ڕووبارە لاوەكییەكان بریتین لە ڕووبارەکانی (دۆڵی ڕۆست، سمیلان، ڕووباری دێڵزە، ڕووباری گەلی دەربەند، ڕووباری ناوەندە، ڕووباری مەمی خەلان، ڕووباری باسان، ڕووباری سەكران، ڕووباری دۆڵی باڵەیان و ڕووباری دۆڵی وەرتێ) ئەمانەش لەشوێنی جیاجیا دەرژێنە ناو ڕووباری گەورەی چۆمان و سەرجەمیان لە ئێستادا ڕێژەیەكی زۆر ئاویان تێدایە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕووبارەكان لە باڵەكایەتی ترس و دڵە ڕاوكێی زۆریی دروستكردووە لای دانیشتوانی سنوورەكە، لەبەر ئەوەی مەترسی دروستبوونی لافاوی گەورەی لێدەكرێـت هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، چونكە حكومەت سەرەڕای چەندین جار دووبارەبونەوەی لافاو لە سنوورەكە، هیچ هەنگاوێکی بۆ ڕیگریکردن لە دروستبوونی لافاو نەناوە، کە ساڵانە خەڵك توشی زیانی زۆری ماددی و گیانی دەکاتەوە.

هەروەها سەرەڕای دڵخۆشی هاوڵاتیانی چۆمان بە ژیانەوەی سەرچاوەکانی ئاو، نیگەرانی ئەوەن کە هەموو ئەو ئاوە بەفیڕۆ دەچێت و حکومەت کارێکی نەکردووە ئەوان بتوانن سود لە سەرچاوە ئاویەکانی ناوچەکەیان وەربگرن، بۆ مەبەستی، گەشتیاری و كشتوكاڵێ‌ و سامانی ماسی.

د.ع