ڕووبەری سەوزایی کەلار دەکرێتە شوێنی بازرگانیی

دروستکردنی بینای بازرگانیی لەناو شاری یاریی شارۆچکەی کەلار، ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە، بە بەقوربانییکردنی پرۆژەکە لە بەرژەوەندیی گشتییەوە بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی و بازگانیی ناو دەبرێت، خاوەنی پرۆژەکەش دەڵێت، کە ڕەزامەندییان لە حکومەت وەرگرتووە.


ئەمڕۆ لەبەردەم پارکی شاری یاریی کەلار، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی محەمەد وەهاب و کەریم عەلی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دروستکردنی چەند بینایەکی بازرگانیی لەناو پارکەکەدا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەن لە کۆنگرەکەدا، ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە تاکە پرۆژەی گەشتیاریی و سەوزایی لە شارۆچکەکە شاری یاری کەلارە، لە ئێستادا ڕووبەری زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ مەتری پرۆژەکە، لەبری سەوزایی کراوە بە بینا و باڵەخانە و پرۆژەی بازرگانیی و هەفتە بازاڕ و چێشتخانە.

باسیان لەوەش کرد، کە ئەوە بەدەرە لە ڕێنمایی ژینگەیی و ماستەرپلانی شارۆچکەکە و کەمکردنەوەی ڕێژەی سەوزاییە، هەروەها بە قوربانیی کردنی پرۆژەکەیە لە بەرژەوەندی گشتییەوە بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی و بازگانیی.

هەروەها، وتیشیان، کە لە ڕابردوودا یاداشتیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە، بەمەبەستی ڕێگرییکردن لەم پرۆژەیە، دواتر لە ڕێگەی لیژنەی شارەوانییەکانەوە لیژنەیەک پێکهێنرا و سەردانی پرۆژەکە کراو ڕاگیرا، بەڵام لەئێستادا جارێکی تر بە ڕەزامەندیی حکومەت پرۆژەکە کەوتووەتە کار.

وەک خۆیان باسیان کرد، ئەمڕۆ بۆ هەمان مەبەست سەردانی داواکاری گشتیی گەرمیان ـ یان کردووە و بەڵێنیان لێوەرگرتووە، کە تانە لەم پرۆژەیە دەدەن لە ڕێگای دادگای ئیدارییەوە.

سەبارەت بەم بابەتە ڕۆژنیوز سەردانی عەبدوڵا ڕەحیم بەڕێوبەری پرۆژەکەی کرد و ناوبراو، لە بەرامبەردا ڕایگەیاند: هیچ کام لەم پرۆژانەی ئێمە بەدەر نییە لە پێکهاتەی شاری یاریی کەلار و هەموو پرۆژەکانمان فەرمییە و بە بەڵگەو نوسراوەوە ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان هەیە.

وتیشی: پرۆژەکە پێکهاتوون لە مارکێت و مەلەوانگە و چێشتخانە و دوو نافور و سەرجەم یارییەکانی ناو پارکەکە و دوای ۱٥ساڵ لە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە پێشکەشی حکومەت دەکرێتەوە، بۆیە ئێمە بەشێوازی فەرمی براوەی کەیسەکەین.

ش.ف