ڕوونکردنەوەیەک لە ڕۆژنیوزەوە

دوای ئەوەی "بڕیار محەمەد"، پەیامنێرمان لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا، دواتر ئاسایش بە بنەماڵەکەی وتووە، گوایە بڕیار ڕاپۆرتی لەسەر حکومەت بڵاوکردووەتەوەو بۆ دەزگایەک کاردەکات کە ئێمە دەڵێن نابێت کاری بۆ بکات، لەم ڕونکردنەوەدا ڕۆژنیوز ڕاستییەکان دەخاتەڕوو.


دوێنێ ئاسایشی هەولێر، بڕیار محەمەد پەیامنێری ڕۆژنیوزی لەشاری هەولێر دەستگیرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە ڕۆژی پێشتر ٢٠-٨-٢٠١٩، ئاسایش لەڕێگای ماڵی باوکی بڕیارەوە بانگهێشتی ئەم ڕۆژنامەنووسەیان کردبوو.

هەر لە ساتی دەستگیرکردنەکەیەوە، ئاسایشی هەولێر چەواشەکاریی لە کەیسەکەدا کردووە، بەوپێیەی هیچ تۆمەت و بەڵگەیەکی یاساییان نییە، دەیانەوێت بەزۆر و بەبێ یاسا، بڕیار محەمەد لە زینداندا بهێڵنەوە، چونکە بە ڕۆژنیوز و چەند میدیایەکیان وتووە، گوایە بڕیار پێشمەرگەیە، لەکاتێکدا ئەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و بڕیار وێرای ئەوەی بە گرێبەستی فەرمی نزیکەی دوو ساڵە بۆ ڕۆژنیوز کاردەکات، هاوکات ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە و هیچ پەیوەندییەکی بە پێشمەرگایەتیی و وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، وەک ڕۆژنیوز ڕای دەگەیەنین، هەر تۆمەتێک لەم ڕووەوە بۆ پەیامنێرەکەمان بهۆنرێتەوە، بەتوندی ڕەتی دەکەینەوە .

هەروەها باشترین وەڵام بۆ ئاسایش و یاسایی بوونی ڕۆژنیوز، کە نازانین بۆچی وتویانە نابێت بۆ ئە دەزگایە کاربکات، ئەوەیە، هەبوونی ستافی ڕۆژنیوز لە ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردووشدا لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم ئامادەیی هەبووە و چەندین ڕووماڵی بە فەرمی و ڕاستەوخۆ کردووە، تا ئێستاش بەهۆی پەیوەستبوونی بڕیار محەمەد و ڕۆژنیوز بە یاساکانەوە، بە تەنها یەکجاریش هیچ سکاڵایەکی یاسایی لە دژ تۆمارنەکراوە، لە کاتێکدا دەیان جار ڕووبەڕووی سوکایەتی و لێدان و دەستگیرکردن بووینەتەوە.

ئێمە لەم وێنانەی خوارەوەدا، بەبەڵگەوە وەڵامی تۆمەتەکان دەدەینەوەو وێنەیەک لە مۆڵەتەکانی کۆمپانیای چەتر بڵاودەکەینەوە، کە تایبەت بە "ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە".

'ڕۆژنیوز' لە چوارچێوەی کۆمپانیای چەتردا دامەزراوە و ساڵانەو بەپێی "ئەحکامەکانی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ی هەموارکرا لە ساڵی ٢٠٠٤"، ڕێکارە یاساییەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەت و پێدانی باج-ی جێبەجێ کردووە و لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بەشێوەی یاسایی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەجێهێناوەو پابەندی تەواویی یاسا بەرەکارەکان بووە.

دەستگیرکردنی بڕیار لە کاتێکدایە، لە ٢١ی مانگی حەوتەوە، زوبێر برادۆستی پەیامنێرمان لە دەڤەری سیدەکان، لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا ئازاد نەبووە.

لە کۆتاییدا ڕۆژنیوز ئەم هەوڵە بەبێدەنگکردنی ئازادی ڕادەربڕین و فشارخستنە سەر دەزگاکەی لەقەڵەم دەدات، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، کە ژیانی بڕیار محەمەد و زوبێر برادۆستی، لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەربۆیە داوا دەکەین بە زووترین کات ئازادبکرێن.

دەستەی بەڕێوەبەریی ڕۆژنیوز ٢٢-٨-٢٠١٩

س.ح