ڕێواسی باڵەکایەتی ئەو گیا بەهارییەی بەهاران دەبێتە میوەی زۆربەی ماڵەکان

سروشتی دەڤەری باڵەكایەتی، بەجۆرێكە هەڵکەوتەی شاخ، دەشت، دۆڵ، چەم و هەوافێنک و کوێستانییەکەی بووەتە، هەوێنی سەر هەڵدانی دەیان جۆر گژوگیایی بەهاریی كە بەشی زۆریان بۆخواردن سوودیان هەیە، ساڵانەش جیاواز لە دانیشتوانی سنورەکە لە بەهاردا خەڵكێكی زۆر لە شار و ناوچەکانی دیکەوە ڕوودەکەنە چیاکانی باڵەكایەتی بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەكان و ئێستاش ڕێواس بووەتە میوەی زۆربەی ماڵەکان.


ڕێواس، یەكێكە لە گیا بەهارییە خۆڕسکەكان و لەزۆربەی شاخەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سروشتی دەڕوێت، لە سەرەتای بەهار تاکوەکو نزیک هاوین لە کوێستانە ساردەکان و بناری چیاکاندا لەو شوێنانەی بەفری لێیە، دەمێنێتەوە، بەرزیی تاکوو یەک مەتر هەڵدەچێ، گەڵای پان، گەورە و پەنجە پەنجە و ددانەدارە، تامی ترش، تفت یان مزری هەیە.

ڕێواسی باڵەكایەتی لە سنوری پارێزگای هەولێر، ناوبانگێکی زۆری هەیە، چونكە لەژێر بەفری كوێستانەکان و هەوارە فێنك و دڵڕفێنەكان دەڕوێن، ڕێواس خواردنێكی بەهاری بەتامە و خەڵك زۆر ئارەزووی خواردنی دەكەن، هەر بۆیە جگە لەوەی بۆ خواردنی خۆیان کۆی دەکەنەوە دەیبەن و لە بازاڕەکانیشدا دەیفرۆشن.

كاروان چۆمانی، ڕووی لە شاخی بنەسار لە گوندی شێركاوەی سەر بە شارەدێی گەڵاڵە لەدەڤەری باڵەكایەتی کردووە، تینویەتی تینی بۆ هێناوە و بەهۆی بەڕۆژوو بوونەوە نەیتوانیوە بگاتە سەر لوتكەی شاخەكە، بەڵام هەندێ ڕێواسی ناسكۆڵەی کۆکردوەتەوە و دوای پشوویەك لەژێر سێبەری لوتكەی شاخەكان بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: ڕێواس بووەتە میوەی سەرەكی خێزانەكانی باڵەكایەتی، چونکە ڕێواس سەنگی خۆی هەیە لەبازاڕدا و نرخیشی لە زۆربەی میوەكانی تر گرانترە، چونكە خواردنێكی كاتیە و خواستی زۆری لەسەرە.

زیاد شێركاوەیی، گەنجێکی دیکەی دانیشتووی گوندی شێركاوەییە لە شارەدێی گەڵاڵەی دەڤەری باڵەكایەتی، بە هەمانشێوە ڕووی لە شاخی بنەسار کردووە و لە بارەی جۆرەكانی ڕێواس لە سنوری باڵەکایەتی، وتی: ڕێواسی نێرك و بنك هەیە لەباڵەكایەتی، کە تام و لەزەتێکی تایبەتی هەیە.

ئەو گەنجە نیگەرانیشە لەوەی کە تاوەكو ئێستا دەستەیەكی ڕووەكناسی ڕووی لەباڵەكایەتی نەكردوە و توێژینەوەی زانستی لەسەر گژوگیا بەهارییەكانی ناوچەکە نەكردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ڕێواس، ڤیتامین سی تێدایە و بنكەكەشی بۆ شەكرە بەسوودە، بۆ زۆر دەرمانی سروشتیش بەكاردێت بەڵام كەس نەهاتووە ئەوە بسەلمێنێت.

زیاد ڕەخنەشی لە حكومەتی هەرێم گرت کە تاكو ئێستا شاخەكانی باڵەكایەتی لە مین و تەقەمەنی سەردەمی ڕژێمی بەعس پاك نەكردووەتەوە، ئەو دەڵێت: بەهۆی مین و لوغمەكانەوە زۆرێك لەشاخەكانی باڵەكایەتی مەترسیان لەسەرەو خەڵك ناتوانێ بۆ هێنانی گیا بەهارییەكان سەردانی ئەو شاخانە بكات.

ک.س