ڕێڕەو و گۆماوه‌كانی ڕووباری سیروان ڕێكده‌خرێته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی ڕێگركردن له‌ ڕووداوی خنكان و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆماو و چاڵانه‌ی سروشتی ڕووباره‌كه‌یان تێكداوه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و گۆمانه‌ی كه‌ كارگه‌كانی چه‌وولم دروستیان كردووه‌، پڕده‌كرێنه‌وه.


له سنووری شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان و له‌سه‌ر ڕووباری سیروان، به‌دیاریكراوی ژماره‌یه‌ك گۆماو یان چاڵی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ڕووباری سیروان بوونی هه‌یه‌، كه‌ لەلایه‌ن كارگه‌كانی چه‌وولمەوە‌ دروستكراوه‌، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی چاککردنەوەو پڕکردنەوەی گۆماوو چاڵەکان.

ڕووباری سیروان لە وەرزی هاویندا هاوڵاتییەکی زۆری سنووری گەرمیان بەمەبەستی مەلەکردن ڕووی تێدەکەن، بەڵام تێکدانی سروشتی ڕووبارەکەو دروستکردنی چاڵە نادیارەکان دەبنە هۆی خنکانی چەندین کەس، کە تەنها لەم چەند مانگەی هاویندا پێنج هاوڵاتی تێدا خنکاون.

یادگار فه‌تاح، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌وت و كانزاكانی گه‌رمیان، بە ڕۆژنیوزی وت: ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌هۆی كاری به‌رده‌وامی ئه‌و كارگانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر ڕووباری سیروان، ڕێڕه‌وی ڕووباره‌كه‌یان تێكداوەو ئه‌و‌ هه‌موو چاڵ و گۆماوانه‌یان بۆ كاركردنیان دروست كردووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی  ساڵانه‌ له‌وه‌رزی هاوین خه‌ڵك له‌و گۆماوانه‌ بخنكێت، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ شێوازێكی نوێ خزمه‌تێك به‌ ژینگه‌ی سه‌ر ڕووباره‌كه‌ بكه‌ین و ڕێڕه‌وه‌كه‌ی ڕێك بخه‌ینه‌وه‌، بۆ ئەمەش سه‌رجه‌م ئه‌و گوماوانه‌ پڕ ده‌كه‌ینه‌وه.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرجەم چاڵەکان بە خاوەنی کرگەکان پڕدەکەنەوە کە خۆیان دروستیان کردووە، وتیشی: ئه‌وانه‌شی له ‌ساڵانی ڕابردوودا دروستكراون پڕ دەکرێنەوە، ئه‌و پاشماوانه‌شی له‌سه‌ر ڕێگاكان كۆكراونه‌ته‌وه‌ لادەبرێن، هەرخاوەن کارگەیەکیش پابەند نەبێت بەپێی یاسای وەبەرهێنانی کانزایی لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

لە ئێستادا لیژنەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتییەکە چاودێری کارەکان دەکەن، هاوکات چاودێری کاری کارگەکانیش دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن، چەند کارگەیەکیان بەهۆی کاری نایاساییەوە سزا داوە.

س.ح