ڕێژەی بەرهەمهێنان و داهاتی نەمامگەی سیروان داکشاوە

نەبوونی کارمەندی پێویست و قەیرانی دارایی، بەرهەمهێنانی نەمام و داهاتی نەمامگەی سیروانی بە ڕێژی لە %٥٠ دابەزاندووە، بەشێوەیەک کە لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی گرفتەكانیان، ئەوا مەترسی بۆ دابەزینی یەكجاریی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەماگەکە هەیە.


نەمامگەی سیروان لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ بەرهەمهێنانی نەمام بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكانی كەرتی حكومی و تایبەت، ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی گرفتی کەمیی کارمەندی پێویست و تەرخاننەکردنی بودجە بۆی، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕووی لە كەمی كردووە.

نەمامگەی سیروان لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن ڕێکخراوی فاو-ی نێودەوڵەتییەوە بنیاتنراوە، ڕووبەری نەمامگەکە 122 دۆنم زەویی كشتوكاڵیی حكومییە، نەمامگەکە لە دوو بەشی دارستان و باخداریی پێكدێت و تیایدا چەندین جۆر نەمامی جۆراوجۆری بەرهەمدار و بێ‌ بەرهەمی باوەڕپێكراو بەرهەم دەهێنرێت.

ساڵانی پێش دەسپێكردنی قەیرانی دارایی، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەمام نزیكەی ٨٠٠ هەزار نەمام بووە و داهاتی فرۆشتنی نەمامەکانیشی ٩٠ ملیۆن دینار بووە، داهات لە فرۆشتنی نەمامەكان بە ڕێكخراو و پڕۆژە كشتوكاڵیەكانی كەرتی تایبەت، بەوتەی بەرپرسانی نەمامگەکەش، لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی گرفتەكانیان، ئەوا مەترسی بۆ دابەزینی یەكجاریی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەماگەکە هەیە.

ئەو داهاتەی کە ساڵانە لە نەمامگەکە دەستدەکەوێت، ڕاستەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنە حکومەت و حکومەت لەو پارەیە بۆ پێداویستییەکانی نەمامگەکە تەرخاندەکاتەوە، ئێستاش بۆ زیاتر پەرەدان بە بەرهەمهێنان، نەمامگەکە پێویستی بە کارمەندە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە حکومەت بودجەیان بۆ دابینناکەن، ناتوانرێت کارمەند بۆ نەمامگەکە دابینبکرێت.

لەگەڵ دەستپێكی قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی دەستی كار بەهۆی خانەنشینكردنی كارمەندان و خەرجنەكردنەوەی ئەو داهاتەکە بۆ خودی نەمامگەكە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەمامی بۆ زیاتر لە 50% و نزیكەی 250 هەزار نەمام كەمكردووەتەوە، داهاتەكەش بەهەمان شێوە بۆ نزیكەی 35 ملیۆن دینار كەمیكردووە.

جەلال جەمیل، سەرۆكی بەشی تێبینی و هونەریی نەمامگەی سیروان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پێویستە وەك ساڵانی پێشوو لەكاتی چاندن و بەرهەمهێنانی نەمام واتە مانگی 12 تاوەكو 4، ڕێژەی كارمەند و كرێكاری دەستی كارمان بۆ زیادبكات.

جەلال هۆشدارییش دەدات و دەڵێت: ئەگەر حكومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ بەدەم نەمامگەكەوە نەیەن، ئەوا بەرەو لەناوچوون دەچێت.

جیا لەوەی دەستی كار بەتەواوی لە نەمامگەكە نەماوە و بەرهەمهێنانیش لە نەمامگەکە کەمیکردووە، بەناچاریی ئەو ڕێژە كەمە كارمەندە سەرقاڵی ئاودێرانی نەمامەكان دەبن بۆ پاراستنیان لە نەفەوتان و ساڵ دوای ساڵیش ڕێژەی بەرهەمهێنانەكە ڕوو لەكەمیی دەكات.

 

ب.ل