ڕێکخراوێکی ئەمریکی: ئەگەری کودەتای سوپا دژی ئەردۆغان لە ئارادایە

ڕێکخراوێکی فکریی ئەمریکی بەناوی Rand Corporation، لە ڕاپۆرتێکیدا کە تایبەتە بە تورکیا، بانگەشەیەکی سەرنج ڕاکێشی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەکانی سوپا لەلایەن ئاکەپەوە، ناڕەزاییەکی زۆر لە ناو سوپادا هاتووەتە ئاراوەو ئەگەر هەیە ببێتە هۆی کودەتایەک دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان و پارتەکەی 'ئاکەپە'.


بەبیانویی پەیوەندییان بە فەتحولا گولەنەوە، چەندین فەرماندەی باڵای سوپای تورک دەستگیرکراون، هەروەها لەدوای هەوڵی کودەتاوە لە ١٥ی مانگی ٧ی ٢٠١٦ لە تورکیا، چەندین فەرماندەی دیکەی سەربازیی تورکیا لە کار دوورخراونەتەوە، یاخود دەستگیرکراون.

بەپێی ئەو هەواڵەی دەزگا ئەمریکییەکە بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەگەر هەیە لە تورکیادا کودەتایەکی نوێ پێکبێت، ئەوەش گەڕێندراوەتەوە بۆ ناڕەزاییەکی زۆر لە ناو بەشێکی سەرەکی سوپای تورکدا، بەهۆی دەستگیرکردنی ئەو سەدان فەرماندەیەوە کە بەبیانووی جیاجیا دەستگیکراون.

ڕۆژنامەنووس جان دووندار'ی سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی جمورییەتی تورکی، دەربارەی ئەم هەواڵە بە ڕۆژنامەی 'ئۆزگوروز'ی وتووە، ئەردۆغان هەستی بەو مەترسییەی سەری کردووە و بە جدی وەریگرتووە، کە ئەگەری کودەتا هەیە.

جان دووندار کە ڕۆژنامەنووسێكی دیاری تورکیایە و ئیستا لە دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، باسی لەوە کردووە، کە سەرچاوەیەک لە ئاکەپەوە دەربارەی ئەگەری کودەتا جگە لە هۆکاری دەستگیرکردنەکان ئەوەی پێ وتووە، هۆکاری دەستێوەردانەکان لە سوریا و لیبیا ئەگەر هەیە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ناو سوپای تورکیادا لە ناوخۆدا.

ئەو ڕێکخراوە ئەمریکییە باسی لە هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ کۆنترۆڵکردنی سوپا کردووەو ڕایگەیاندووە، ئەردۆغان دەیەوێت لەڕێگەی خلوسی ئاکارەوە سوپا کۆنترۆڵ بکات، هەربۆیە بۆ هەموو سەردانەکانی دەرەوەی وڵاتیش ئاکار لەگەڵ خۆیدا دەبات.

بەپێی قسەکانی دووندار، لەناو سوپادا ناڕەزاییەکی زۆر دەربارەی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هاتووەتە ئاراوە.

لە هەواڵەکەدا باس لە نیگەرانییەکانی ناتۆ کراوە و ئاماژە بەوە دراوە، کە ناتۆش ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستگیرکردنی فەرماندەکانی سوپای تورک دەربڕیوە.

س.ح