ڕێکخراوێکی ژینگەیی هۆشداریی لە فڕێدانی پاشەڕۆی پزیشکیی دەدات

ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان ڕایدەگەیەنن، کە ڕۆژانە بەشێوەیەکی "ناتەندروست" پاشماوە پزیشکییەکانی نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیکشییەکانی گەرمیان لە چەندین شوێن فڕێدەدرێت، هۆشدارییش دەدەن لە مەترسییەکانی فڕێدانی ئەو پاشەڕۆ پزیشکییانە و ڕایانگەیاندووە: ژیانی هاوڵاتیانی گەرمیان لە مەترسییدایە.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان، لە بارەگای ڕێکخراوەکەیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان دژی فڕێدانی پاشەڕۆی نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکان و نۆرینگە و تاقیگە پزیشکییەکانی سنوورەکە ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئازادی ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان یاداشتێکی خوێندەوە، کە ئاراستەی هەریەکە لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی و ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە.

لە سەرەتای یاداشتەکەدا، ئاماژە بە "پشتگوێخستن"ی کەرتی تەندروستی گەرمیان کراوە و تیایدا هاتووە: کەرتی تەندروستیی گەرمیان فەرامۆشکراوە و وەک پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، ئەوەش بە کۆمەڵێک بیانووی بێبنەمای وەک قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست، بەم هۆیەوە هوشداریدەدەین لەوە تەندروستی هاوڵاتیانی گەرمیان لەمەترسیدایە.

بەگوێرەی یاداشتەکە، چەندین نەخۆشخانەی حکومی و ئەهلیی و بنکەی تەندروستی و سەنتەری پزیشکیی و دەیان تاقیگە و نورێنگەی پزیشکی لە سنووری گەرمیان هەیە، بەڵام پاشماوەی ئەو ناوەندە تەندروستییانە لە شوێنێکی تایبەت ڕیسایکڵ ناکرێن و لەناوناببرێن، بەڵکو ڕۆژانە لە چەندین شوێن بەشێوەیەکی ناتەندروست فڕێدەدرێن و دەسوتێنرێن، بێ ئەوەی ڕەچاوی مەترسییەکانی فڕێدانی ئەو پاشماوە پزیشکییانە بکرێت.

هەر لە یاداشتەکەی ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیاندا، مەترسییەکانی فڕێدانی ئەو پاشماوانه خراوەتەڕوو و هاتووە: هۆکارێکی گەورەی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراو و مەترسیدار و کوشندەکانە، بەتایبەت ڤایرۆسە گواستراوەکان، لە گەرمیان چەندین کەس هەڵگری ڤایرۆس و نەخۆشییە گوازراوە و کوشندەکانن و ژیانی چەندینی دیکەیان لە مەترسی تووشبوندایە و مەترسی زیاتری هەیە وەک:

ـ مەترسی هەرە گەورە بە پلەی یەک لەسەر ژیانی ژینگەپارێزەکانی شارەوانییە.

ـ ئەو پاشماوانەی فڕێدەدرێن ماددەی کیمیایی و ژەهریان تێدایه و کاریگەرییان لەسەر پیت و بەرەکەتی زەوی دەبێت.

ـ لەلایەن چەندین نورینگەوە کەڵەشاخ دەکرێت و ئەو پاشماوانە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان، بەتایبەت نەخۆشییەکانی هەوکردنی جگەر.

ـ کەسانێک هەن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان ڕۆژانە لەنێو زبڵخانەکاندان و بەدوای دەستکەوتنی هەندێک کەرەستەی وەک فافۆن و پلاستیک و ئاسنن، دیسانەوە مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی ئەوانیش دەبێت.

ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەو پرسە دەزانن و بە "کەمتەرخەم" تۆمەتباریان دەکەن پرسە تەندروستییەکانی ناوچەی گەرمیان، داواش لە لیژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی مرۆڤ و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی هەرێم دەکەن، بەدواداچوونی جددی و ورد بۆ ئەو بابەتە "هەستیار و مەترسیدارە" بکەن، هەروەها داوای فشاریش لە ڕێکخراوەکانی بواری ژینگە و تەندروستی دەکەن لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە و بەگرگی دەزانن کە هاوڵاتیانی ناوچەکەش لە ئاست ئەو مەترسییانە ئاگادار بکرێنەوە.

ب.ل/هـ