ڕێکخراوەکان: سوپای توركیا و ئێران هۆكاری تێکچوونی ژینگەی كوردستانن

چالاكوان و رێكخراوەكانی ژینگە لە شارۆچكەی سۆران-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، توركیا و ئێران بەهۆكاری سەرەكی تێکدان و لەناوبردنی ژینگەی باشوری كوردستان دەزانن، بانگەوازێکیشیان ئاڕاستەی جكومەتی هەرێم كردووە تا هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ پابەندكردنی توركیا و ئێران بە پڕۆتۆكۆڵ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.


ژمارەیەک لە ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بانگەوازێکیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و تیایادا باسیان لەوە کردووە، لە ئاکامی بۆردومان و تۆپبارانە بەردەوامەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی باشوری کوردستان، هەزاران دۆنم دارستان و ڕەز و باخ و سروستی هەرێمی كوردستان تێکچوون و زیانیان بەركەوتووە، هەروەها سامانی ئاژەڵ و باڵندەی كێوییش لە برادۆست و قەندیل بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە مەترسی لە ناوچوونی لەسەرە.

دڵشاد باڵەكی، سەرۆكی رێكخراوی ئاوێزە بۆ هۆشیاری ژینگەیی، کە یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی بانگەوازەکەی کردووە، باس لەوە دەکات بۆردوومانەکان زیانی زۆری بە سروشت و ژینگەی ناوچەكانی بناری قەندیل و برادۆست و ئامێدی گەیاندووە، بەو هۆیەشەوە چەندین دۆنم ڕەز و باخی هاووڵاتیان سوتاون و زیانێکی زۆریش بەر باڵندە و ئاژەڵی کێوی ئەو ناوچەیە گەیشتووە، دەشڵێت:"ئێمە وەك ڕێكخراوی ئاوێزە، بە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاگەیەندووە پێویستە فشار بخرێتە سەر ئێران و توركیا بۆ ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، بۆردوومانەکان زیانی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی ئەو ناوچانەش گەیاندووە، بۆیە ئەرکی پەرلەمان و حکومەتەکانی بەغدا و هەولێرە لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بێنەدەنگ.

هاوکات هەژار ماهیر، شارەزا لە بواری ژینگە و سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، چەندین جار هۆشدارییان داوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان كە تۆپباران و بۆردوومانكردنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كارەساتی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە، "بەڵام بەداخەوە وەك پێویست گوێ بە داواكانمان نەدراوە".

کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە ڕاپۆرتێكدا لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە، کە ئەو شوێنانەی بەر تۆپباران و بۆردوومان کەوتوون، ڕووبەڕووی كارەساتی ژینگەیی بوونەتەوە، داواشیان کردبوو توركیا و ئێران پابەندبن بەو پەیماننامە ژینگەییانەی واژۆیان کردووە لەبارەی پاراستنی ژینگەی ناوخۆیی و جیهانییەوە.

سەرۆكی رێكخراوی وار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ڕووی زانستییەوە تۆپبارانەکان بۆ سەر ژینگەی کوردستان کاریگەرییەکان زۆرە، لەوانە؛ كەمكردنەوەی ڕووبەری سەوزایی و تێكدانی هاوسەنگی، كەمكردنەوەی بڕی بە هەڵمبوونی ئاو و كاریگەری خراپ لە سەر باران، هەروەها داڕنینی توێژاڵی ڕووەكی و لەبەریەك هەڵوەشانەوەی یەكگرتوویی گڵ و خۆڵی قەدپاڵەكان.

ئەو شارەزایەی بواری ژینگە لە درێژەی کاریگەرییەکانی تۆپبارانەکان بۆ سەر ژینگەی کوردستان باس لەوەش دەکات، تۆپبارانەکان دەبنە هۆی كەمكردنەوەی بڕی ئاوی ژێر زەوی، چونكە ڕووەك هۆكاری گلدانەوەی ئاوی سەر زەوییە و ناردنییەتی بۆ ژێر زەوی، كەمكردنەوی بڕی ئۆکسجین و زیادكردنی بڕی دووەم ئوكسیدی كاربوون، هەروەها كەمكردنەوەی بەرگریی درەختەكان و خێرا پوكانەوەیان بە هۆی ئەو نەخۆشیانەی كە بە ئاسانی زیانیان پێ‌ دەگەینن، جگە لەوانەش تۆپبارانەکان دەبنە هۆی پەیدابوونی دووكەڵ كە تێكەڵەیەكە لە گەردیلەی ورد و گازەكانی كاربۆن و مۆنۆئۆكساید و گازی دووەم ئوكسیدی كاربۆن و ئوكسیدەكانی نایترۆجین، كە زیان بە چاو و سییەكانی مرۆڤ دەگەینن.

س.ح