ڕۆژنیوز- سۆران
لەگەڵ بارینی بەفر هەزاران كەس لە ڕۆژانی پشوو ڕوو لە زینی وەرتێ دەكەن و لەوێ كاتێكی خۆش لەناو بەفر بەسەر دەبەن و زۆرجاریش بەهۆی زۆری بەفربارینەوە، بۆ ماوەیەك ڕێگاكە دادەخرێت و گەشتیارانیش دەڵێن، جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە و دانانی بارەگای سەربازی لەزینی وەرتێ، خۆشی ساڵانی ڕابردووی لێ زەوت كردوون.
ئەمساڵ سێ جار بەفر لە زینی وەرتێ باریوە، بەڵام هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نیە و ئەمساڵ بەفر كەم باریوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی ڕوو لەو ناوچەیە دەكەن و كاتەكانیان بەخۆشی لەناو بەفر بەسەر دەبەن و بەشێك لە هاوڵاتیان پاقلە و شێلم و چا لەگەڵ خۆیان دەهێنن و هەروەها شەڕە تۆپەڵ دەكەن و وێنەی یادگاری دەگرن.
محەمەد وسو، یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی هاتووەتە زینی وەرتێ و ئەو دەڵێت، هاتووین لێرە كاتێكی خۆش بەسەر ببەین و زینی وەرتێ بەناوبانگە و هەموو ساڵێك لەكاتی بارینی بەفر دێین بۆ ئێرە و لێرە كاتەكانمان لەناو بەفردا بەسەر دەبەین و هەموومان دڵخۆشین بەبارینی بەفر، ڕاستە كەشوهەواكەی ساردە، بەڵام لەبەر چێژوەرگرتن سەرماكەمان بیردەچێتەوە.

سەركەوت بایز، یەكێكی ترە لەو هاوڵاتیانەی بەخێزانی هاتووەتە زینی وەرتێ و بەدەم خواردنی شێلم و چاوە دەڵێت: چێژ لە دیمەنەكانی زینی وەرتێ وەردەگرین و لێرە دڵخۆش دەبین و ئەمساڵ بەفر كەمە و ساڵانی پێشتر بەفر هێندە زۆر بوو پێویست نەبوو بۆبینینی بەفر ڕێگای دوور بگرینە بەر.

گەشبین ڕەحیم، مامۆستایە و لە چوارقوڕنەوە لەگەڵ خێزانەكەی هاتووە بۆ زینی وەرتێ و دەڵێت، بەگشتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ بینینی دیمەنەكانی بەفر ڕوو لەناوچە شاخاوییەكان دەكەن و ئێمەش هاتووین بۆ زینی وەرتێ و ئێرە شوێنێكی دڵگیر و سەرنج ڕاكێشە و لێرە دڵخۆش دەبین و وێنەی خێزانی بۆ یادگاری لێرە تۆماردەكەین و ئەو خواردنانە دەخۆین، كە لەگەڵ كەشی ساردا دەگونجێن.

ڕەسول شاوری، هاوڵاتیەکى دیکەیە و لەگەڵ هاوڕێكانی ئاگرێكیان هەڵكردوە و چای خەڵوزیان ئامادە كردووە و ئاماژە بەوەدەکات، ساڵانی ڕابردوو خەڵك زیاتر دەهاتە زینی وەرتێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ ساڵە پێشمەرگە و بارەگای سەربازی لەسەر زینی وەرتێ جێگیركراوە، خەڵك كەمتر دێنە ئێرە و بوونى ئەو هێزانە بووەتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ زینی وەرتێ.

هەروەها ئەمین ئیسماعیل، کە گەنجێكی دانیشتووی شارەدێی وەرتێیە و باسلەوەدەکات، ساڵانە بەهۆی بارینی بەفر زیاتر لە مانگێك ڕێگای زینی وەرتێ دادەخرێت و حكومەت كەمتەرخەمە و كەرەستەی پێویست بۆ پاككردنەوەی ڕێگا لەبەفر بۆ زینی وەرتێ دابین ناكات.

ئەمین زیاتر دواو و وتى، بەهۆی شەختە و سەهۆڵ زۆر جار ڕووداوی هاتوچۆ لە زینی وەرتێ ڕوویداوە و زیانی گیانی و ماددی لێكەوتووتەوە و بۆیە داوا لە حكومەت دەكەم بایەخی زیاتر بە زینی وەرتێ بدات بەتایبەت بۆ وەرزی زستان زوو زوو ڕێگاكەی پاك بكاتەوە.
ئ.م