ژمارەی قوربانیانی ئاگرەكەی یۆنان بەرزبووەوە

تا ئێستا ٧٤ كەس بەهۆی ئاگرێكی بەهێزەوە لە یۆنان گیانیان لەدەستداوە.


لە شەوی ڕابردووەوە ئاگرێكی بەهێز لە دارستانەكانی ناوچەی ئەتیكا لە نزیك ئەسینا كەوتووەتەوە و تا ئێستاش كۆنترۆڵ نەكراوە.

ژمارەی قوربانییەكانی ئەو ئاگرە بەرزبووەتەوە و ٧٤ كەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان كەسیش بریندار بوون، هەروەها سەدان خانوش سوتاون.

حكومەتی ئەسینا داوای هاوكاری لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە.

هەروەها بەهۆی زۆری زیانە گیانی و مادییەكانەوە، حكومەت سێ‌ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند.

بەشێك لە ڕزگاربووانی ئاگرەكە قسەیان كردوە و دەڵێن، لە ژیانیاندا كارەساتی بەو شێوەیەیان نەبینیوە، ئەوان دەڵێن، منداڵ و دایك و باوكیان بینیوە باوەشیان بە یەكدا كردوە و سوتاون، هەروەها دەڵێن، زۆربەی قوربانییەكانی گەشتیارن.

ئەوان باس لەوە دەكەن، شانسیان هەبووە كە ئاگرەكە لە نزیك دەریا بووە و توانیویانە خۆیان بگەیەننە دەریا و خۆیان ڕزگار بكەن.


ك.ك