ژنانی هەڵەبجە جێگرەوەی زەرفی نایلۆن دروستدەکەن

کۆمەڵێک ژنی خۆبەخش و فێرخوازی هەڵەبجە، ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک دەچنە سەنتەرێک و لە ڕێگەی دوورینی توورەکەی قوماشەوە، دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی ژینگەی شارەکەیان، بەم ڕێگایە هانی خەڵکی دەدەن دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی زەرفی نایلۆن و پلاستیک و پێکهاتەکانی.


بەهۆی بچووکی شوێنەکەیان و کەمی ئامێرەکانی بەرگ دوورین، ڕۆژانە کەمتر لە ١٠ ژن بەشداری کارەکە دەکەن و بەشێوەی دەوری لە تەواوی هەفتەکە سەرجەمیان بەشداری پرۆژەکە دەکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە لە شاری هەڵەبجەوە بۆ پاراستنی ژینگە جێگرەوەی زەرفی نایلۆن کە بۆ گواستنەوەی پێداویستی و خۆراکی ڕۆژانە سودی لێوەردەگیرێت دروستبکەن.

ڕووخۆش سەلام، لەگەڵ ٢٥ ژنی دیکەی فێرخوازدا ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانییەوە دێتە ئەم سەنتەرە و تا کاتژمیر ١٢ی نیوەڕۆ سەرقاڵ دەبن بە دوورینی توورەکەی قوماش کە وەک جێگرەوەی زەرفی نایلۆن بەرهەمی دەهێنن.

 ئەم کارەی ڕووخۆش و تەواوی ئەو ژنانەی لەم سەنتەرەدا کار دەکەن، بەرهەمی خولێکی دوو مانگی ڕێکخراوی نوێ و وادی ئەڵمانیە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشدارییان تێداکردووە.

ئەو توورەکانەی لەم سەنتەرەدا بەرهەمدەهێنرێن، لەلایەن ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە لەنێو بازاڕ و قوتابخانە و خوێندنگە و شوێنە گشتییەکاندا دابەش دەکرێن، بە ئامانجی دوورکەوتنەوەی خەڵکی شارەکە لە بەکارهێنانی زەرفی نایلۆن و ماددەی پلاستیکی و تورەکەکانیش مۆرێکی تایبەتیان لێدەدرێت بەناوی (هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە).

گەشاو سەعید سەرپەرشتیاری پرۆژە دروومانییەکە دەڵێت، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوەوە دەستیان بە پرۆژەکە کردووە بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و سەرقاڵکردنی ژنانی بێکار بە کاری تایبەت بە خۆیان کە یارمەتییان دەدات لە داهاتوودا ببنە خاوەنی کار و پرۆژەی تایبەت بە خۆیان.

لاستیک و نایلۆن یەکێکن لەو ماددە زیانبەخشانەی کە ژینگە پیس دەکەن و لە چەند مانگی ڕابردووشدا ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە بەکارهێنانی زەرفی نایلۆنی لە خواردنگەو سەمونخانەو نانەواخانەکاندا قەدەغە کرد.

ڕێکخراوەکە ساڵی ڕابردووش لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەیدا چەند هەزار تورەکەی لە دەرەوەی وڵات هێنایە هەڵەبجە و لە شوێنە گشتییەکاندا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشیکرد، بەڵام بۆ قۆناغی دووەم هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئەو فێرخوازانەوە توورەکەکان بەرهەمبهێنن کە لە یەک کاتدا هەلیکار بۆ ژمارەیەک ژن دروستدەکات و هەروەها بڕە پارەیەکیش بۆ ڕێکخراوەکەو کارو چالاکیەکانیان دەگەڕێتەوە.

حوسنا هەورامی، یەکێکیترە لە ژنە فێرخوازەکان و سەرپەرشتی چاپکردن و قۆناغی کۆتایی تورەکە قوماشەکان دەکات، ڕۆژانە نزیک بە ١٠٠ توورەکەی قوماش چاپ دەکات و مۆری تایبەت بە ڕێکخراوەکەیان لێدەدات.

لەم سەنتەرەدا تا ئێستا نزیکەی دووهەزار توورەکەی قوماش درووستکراوە و جگە لە دابەشکردنی بەشێوەی خۆبەخشی، هەندێکجاریش بە شوێنەکانیان دەفرۆشنەوە، بەڵام بەهۆی گرانیی نرخەکەی، تاڕادەیەک کڕینی تورەکەکە پێشوازی کەمی لێدەکرێت.

بەرهەمهێنانی هەر تورەکەیەک لەم سەنتەرەدا ٧٥٠ دیناری عێراقی تێدەچێت، بەڵام جۆرێکیتر بە قەبارەی گەورەتر دروستدەکرێت کە بڕی سێ هەزار دیناری تێدەچێت، لە بەرامبەر دروستکردنی توورەکەکانیشدا بڕە پارەیەکی ڕەمزی دەدرێت بە فێرخوازەکان.

بە وتەی خۆیان، جگە لە ڕێکخراوە ئەڵمانییەکە و کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، هیچ دامودەزگایەکی حکومی پارێزگاکە پاڵپشتی دارایی و مەعنەوی نەکردوون، داواشدەکەن، بەرپرسانی شارەکە پاڵپشتییان بکات و لە قۆناغی یەکەمدا بینای سەنتەرەکەیان بۆ فراوان بکات.

ک.س