ژینگەپارێزانی باشور بۆ پاراستنی حەسەنکێفی باکور چالاکییان ئەنجامدا

کۆمەڵێک ژینگە پارێز لەدژی دروستکردنی بەنداو لە سەر شوێنەواری حەسەنکێف لە باکوری کوردستان، بە دروشمی "پاراستنی حەسەنکێف پاراستنی مرۆڤایەتییە"، چالاکییان ئەنجامدا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، لە لایەن کۆمەڵێک ژینگەپارێزەوە ناڕەزاییەتییەک لە دژی لەناوبردنی شوێنەوارە دێرینەکان و بەتایبەت شوێنەواری حەسەنکێف-ی باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ناڕەزایەتیی دەربڕدرا.

ناڕەزایەتییەکە، بە بەرزکردنەوە دروشمەکانی "پاراستنی حەسەنکیف پاراستنی مرۆڤایەتییە"، "پردێک دروست بکەن نەک بەنداو" و چەندین دروشمی دیکە بە زمانی ئنگلیزی، نیشاندرا..

ئارارات زەردەشتی، ژینگە پارێز و بەشداربووی چالاکییەکە، باسی لەوەکرد، کە چالاکییەکەیان، دژی ئەو پڕۆژانەیە کە ئامانج لێی وێرانکردنی شوێنەوارەکان و ناوچەکانەکانی کوردستانە، بە تایبەت باکوری کوردستان کە پڕۆژەیەک دروست دەکرێت، بۆ گلدانەوەی ئاو بەنداوێک کە ١١ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن مەتر ئاو دەگرێت و ۲٥۰گوند دەبێتە ژێر ئاوەوە، بەتایبەت شوێنەواری حەسەنکێف کە نزیکەی ١١هەزار ساڵ لەمەو پێش خەڵک تێیدا نیشتەجێی بووە.

ئارارات، وتیشی: ئێمە دژ ئەو بەنداوەیەن و لەدژی هەموو پڕۆژەکانین، کە دژ بە مرۆڤایەتین، دوو جار کونفڕانسمان دژی ئەو پڕۆژەیە کردووە و ئەمەی ئەمجارەش لەو پێناوەیە، چونکە ئەمە سیاسەتێکە کە زیانی بۆ کورد هەیە و مەبەستیش لە ناوبردن شوێنەوارەکانە.

ش.ف