ژینگەپارێزانی باڵەکایەتی هۆشداریى ده‌دەنە خەڵک و حکومه‌ت 

به ‌بۆنه‌ى ڕۆژى پاراستنى ژینگه‌ى کوردستان، کۆمه‌ڵێک چالاکى ژینگه‌پارێزى له‌ باڵه‌کایه‌تى ئه‌نجام دران و هه‌ڵمه‌تێکى پاراستنى ژینگه‌ و پاککردنه‌وه‌ى شوێنه‌ گشتییه‌کانیش ئه‌نجامدرا، هەروەها ژینگەپارێزانیش هۆشداریى ده‌دەنە خەڵک و حکومه‌ت لە پیسبوونی ژینگە.


ئێوارەی ئەمڕۆ له ‌ده‌ڤه‌رى باڵه‌کایه‌تى به ‌بۆنه‌ى ڕۆژى پاراستنى ژینگه‌ى کوردستان چه‌ند چالاکیه‌ک ده‌رباره‌ى پاراستنى ژینگه ‌و چالاکى پاککردنه‌وه‌ى شوێنه‌ گشتییه‌کانیش ئه‌نجامدرا، لە لایه‌ن ژینگه‌ دۆستانى ناوچه‌که‌.

له‌ هه‌ریه‌ک له‌ هاوینه‌هه‌وارى گۆمى فێڵاو و بندایزان چالاکى پاککردنه‌وه‌ى ژینگه‌ ئه‌نجامدرا و له‌لایه‌ن چه‌ند ژینگه‌پارێزێکی ناوچه‌که‌ش به‌یاننامه‌یه‌کى ناڕه‌زایی و هۆشیداریى بۆ ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندن خوێنرایه‌وه ‌و تێیدا ئیدانه‌ى ئه‌و که‌مته‌رخه‌میانه‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار کرا له‌مه‌ڕ پیسکردنى ژینگه‌ و نه‌بوونى هیچ هه‌وڵێکیان بۆ پاراستنى شوێنه‌ گشتییه‌کان و هاوینه‌هه‌واره‌کانى ناوچه‌که‌.

به‌یاننامه‌که‌ محەمه‌د عه‌بدوڵا، ‌یه‌کێک له‌ ژینگه‌پارێزانی ناوچه‌که‌ خوێندیه‌وه، کە تێیدا هاتبوو: له‌م ڕۆژه‌دا به‌ گرنگیی ده‌زانین زه‌نگی ئه‌و مه‌ترسییه‌ لێبده‌ین و به‌رپرسان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان گوێیان لێبێت، که‌ ناوچه‌که‌ی ئێمه‌ که‌ خاوه‌نی پاکترین و جوانترین سروشته‌ له‌ باشووری کوردستان، له ‌به‌رده‌می مه‌ترسی پیسبوون و تێکچوونی ژینگه‌که‌یدایه‌.

ئەوەش هاتبوو: به‌و پێیه‌ی باڵه‌کایه‌تی ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیارییه‌ و له‌م وه‌رزه‌دا خه‌ڵکێکی زۆر بۆ گه‌شتکردن سه‌ردانی ده‌کات، به‌داخه‌وه‌ نه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌پێی پێویست به‌ ئه‌رکی خۆی هه‌ستاوه‌ و نه‌ گه‌شتیارانیش گوێ به‌ پاکڕاگرتنی ژینگه‌ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ترسمان هه‌یه‌ ساڵ له‌ دوای ساڵ ژینگه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ببێته‌ زبڵدانێکی گه‌وره‌ و به‌ که‌ڵکی ژیان نه‌یه‌ت، سه‌یرانکردن به‌ته‌نها چیژ بینین نییه‌، به‌ڵکو به‌رپرسیاریه‌تیشه‌ له‌ پاکڕاگرتنی ئه‌و ژینگه‌یه‌.

دواى خوێندنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌که،‌ ده‌ستکرا به‌ پاککردنه‌وه‌ى سروشتى گۆمى فێڵا و ناوچه‌ى هاوینه‌هه‌وارى بندایزان و چه‌ندین زبڵ و خاشاک و پاشماوه‌ى گه‌شتیاران و خه‌ڵکى کۆکرانه‌وه‌.


ک.ک