ژینگەپارێزانی سلێمانی شاخی گۆیژەیان پاککردەوە

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پاککردنەوەی ژینگەوە، ژمارەیەک لە ژینگەپارێزانی شاری سلێمانی چوونە شاخی گۆیژە و پاکیان کردەوە.


ئەمڕۆ چەند ڕێکخراوێکی ژینگەپارێز لە شاری سلێمانی دەستیان دایە یەکدی و بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پاککردنەوەی ژینگەوە شاخی گۆیژەیان پاککردەوە.

ئەنوەر قادر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی شاخەوانیی کوردستان دەڵێت، کە گەشتیاری زۆر دێنە شاخی گۆیژە و زبڵ و پاشماوەکانیان بەجێدەهێڵن، بۆیە ئەو ناوە زۆر پیس بووە، ئێمەش هەوڵماندا پاکی بکەینەوە.

ڕەنج عەتا، ئەندامی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی پاککردنەوەی ژینگەدا و، وتی: ئەمڕۆ بەملیۆنان هاوڵاتی لە ١٥٠ وڵاتی جیهانەوە دەستیان داوەتە پاککردنەوەی ژینگە، ئێمەش وەک ڕێکخراوێکی پاراستنی ژینگە لەگەڵ گروپە شاخەوانییەکان هاتینە ئێرە بۆ پاککردنەوەی، ژمارەمان زیاتر لە ٦٠ کەسە، شارەوانی ئێرە پاک ناکاتەوە، بۆیە بڕیارمان دا خۆمان پاکی بکەینەوە.

ناوبراو بانگەوازی هاوڵاتیانیشی کرد، کە ژینگە وەک ماڵی خۆیان سەیربکەن و بیپارێزن لە پیس بوون.

س.ح