ژینگەی هەرێم لەمەترسیدایە و دەسەڵاتیش نایبینێت

چەندین هۆکار وایانکردووە، ژینگەی هەرێم لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدا بێت، دەوڵەتی تورک بەردەوام بۆردوومانی سروشت دەکات، هاوڵاتیان وەک پێویست خزمەتی ژینگەیان نەکردووە، سیستم و دەسەڵاتیش گرنگییەکی ئەوتۆیان بە ژینگە نەداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، پسپۆڕانی ژینگە دووپاتیدەکەنەوە، کە زۆرینەی نەخۆشییەکان هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ پیسبوونی ژینگە.


لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ئێوارەی ١٦ی نیسانی ١٩٨٧، ڕژێمی ڕوخاوی بەعس شێخ وەسان و بالیسانی لە دەڤەری خۆشناوەتی کیمیاباران کرد، لە ئەنجامیدا ٢٦٤ ھاوڵاتی شەھید و زیاتر لە ٤٠٠ ھاوڵاتی برینداربوون و ژینگە و خاکەکەشی ژەهراوی بوون، هەربۆیە ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان دیارییکراوە.

هەرچەندە بەهۆکاری بۆردوومانی ڕژێمی بەعس و ژەهراویبوونی خاکی کوردستان ئەم ڕۆژە کراوە بە ڕۆژی ژینگە، بەڵام بە ئێستاشەوە بۆردوومانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان درێژەی هەیە، کە وەک ژینگە پارێزانیش باسی دەکەن، بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگەن.

هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە:

پیسبوونی ژینگە دەیان هۆکاریی هەیە، دەربارەی هۆکارە سەرەکییەکانی، سەروەر قەرداغی ژینگەپارێز، چەند خاڵێک دەخاتەڕوو، کە بریتین لە:

-بۆردومانکردنی ڕووبەرە سەوزاویەکانی باشوری کوردستان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە، کە جگە لە زیانی گیانی دەیان زیانی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە.

-دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی نەوتە لە ڕێگەی تانکەرەکانەوە، کە ئەمە ڕەگەزە سەرەکیەکانی ژێنگە و ئاو و هەوای پیسکردووە.

-نەبوونی کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی خاشاک، کە دەبێتە هۆی پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و تێکەڵاوبوونی ئاوی ئاوەڕۆکانە و ئاوی باراناو.

-زۆربوونی کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن بە بێ ئەوەی کە هیچ باجێکی ژینگەییان لێ وەربگیرێت و هیچ فلتەرێکی ژینگەیی بەکار ناهێنن.

-زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان  کە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل هەیە لە هەرێمی کوردستان.

 -ڕووبەری سەوزایی لە ڕووی ستانداری جیهانی  دەبێت لە %١٥ کەمتر بیت، بەڵام لە هیچ پاریزگایەک ئەم ڕێژەیەمان نییە.

-ماددە پلاستیکیی و نایلۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن، بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە سێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک، ڕۆژانە ١٠ هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، ٥٥٪ بۆ ٦٠٪ی ئەو زبڵانەش لە پلاستیک و نایلۆن و کاغەز پێکدێن.

وە هەروەها بەشێک لە پسپۆرانی ژینگە باس لەوە دەکەن، کە لە ٧٠-٧٥%ی نەخۆشییەکانی مرۆڤ لە ژینگەوەیە و هۆکارەکانی بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێننەوە.

"پەروەردە گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە"

ژینگەپارێز بۆ پاراستنی ژینگە چەندین ڕێگا بەگرنگ دەزانن، بۆ نمونە، پەروەردە، کە دەبێت لە دایەنگەوە و مناڵەکان فێربکرێن کە خاکی دایک و ژینگەیان خۆش بوێت و بیپارێزن، ڕێز لە هەموو بوونەوەرەکان بگرن و ئەوە بزانن، کە مرۆڤ لە ژینگەدا پەیوەستە بەو بوونەوەرانەوە، هاوکات دەبێت لە خوێندنگەکاندا وانەیەکی پەروەردەیی ژینگەیی تایبەت و مامۆستای تایبەتی هەبێت.

"هاوڵاتیان ژینگەی خۆیان ناپارێزن"

بەشێک لە هاوڵاتیان کە دەچنە سەیرانگاکان لە دوای خۆیان خۆڵ و خاشاک فڕێدەدەن، ئەوەش بەبەردەوامیی ژینگە پاریزانی نیگەران کردووە، چونکە نەک زیان بە ژینگە، بەڵکو زیان بە خودی مرۆڤەکانیش دەگەیەنێت.

لە ئێستادا بەشێک لە ژینگە پارێزان، سەرقاڵی هۆشیارکردنەوەی تاکەکان، بەشێوازێک کە لە خوێندنگا سەرەتاییەکاندا پەروەردەیەکی خۆراکی دەدەن، وەک وانەیەک تا منداڵان  لە خواردنە زیانبەخشەکان دووربکەونەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ژیانی سەوز، کە بریتییە لە بادام، گویز، هەنجیر، قەیسی و زۆر میوەی وشککراوە.

"چۆڵبوونی گوندەکانیش هۆکارن"

ئارارات زەردەشتی، ژینگە پارێزێکە و ئەویش وەک ژینگە پارێزانی دیکەی باشوری کوردستان لە دۆخی ژینگە نیگەرانە، هاوکات باس لەوە دەکات، کە تا پێش ساڵی ١٩٧٥، ٦٤%ی خەڵک لە گوندەکان داژیاون، بەڵام دواتر بەهۆی وێرانکارییەکانی گوندەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە لە عێراق، گوندنشینانی باشوری کوردستان ئاوارەبوون ڕوویان لە شار کرد، بەو کۆچەش بەرهەم و خواردنی خۆماڵی کەمیکرد.

"ئامارەکان ترسانکن"

هەروەک پسۆڕانی ژینگە زۆرینەی هۆکاری نەخۆشییەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ پیسبوونی ژینگە، لە ماوەی ڕابردوودا د.خاڵس قادر وتەبێژی  وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە کۆنفڕانسێکی ژینگەیی، ئاشکرای کردبوو، کە ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ و ڕەبۆ و جەڵتە ڕوو لە زیادبوونە و بە پێی توێژینەوەكانیش هۆكارەکانیان پیسبوونی هەوایە، کە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ٩٣٠ كەس تووشی جەڵتە دەبن و ١٤ كەسیش تووشی نەخۆشیی ڕەبۆ دەبن.

"یاسا گرنگە بۆ پاراستنی ژینگە"

ئەگەرچی سیستمی دەسەڵاتداریی لە جیهاندا دژی ژینگەیە و هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگەن، بەڵام خواستی تەواویی مرۆڤایەتی ئەوەیە، کە ڕێز لە ژینگە بگیرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت پیستر بکرێت، لەو چوارچێوەیەدا ژینگە پارێزان و چەندین ڕێکخراویی ژینگەیی لە باشوری کوردستاندا، داوا دەکەن یاسای نوێ و تایبەت بە ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا دەربکرێت و بخرێتە بواریی جێبەجێکردنەوە، بۆئەوەی ژینگەی ئەم خاکە لەمە پیستتر نەبێت.

س.ح