کرمێک لە گەڕەکەکانی هەولێر بڵاودەبێتەوە

بڵاوبونەوەی ژمارەیەکی زۆر كرم و مێروو لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر، هاوڵاتیانی تووشی ترس و نیگەرانی كردووە و داوا دەكەن تیمە تەندروستییەكان بە هانایانەوە بچن بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی بكەن، تەندروستی هەولێریش دەڵێت: "کرمەکە هیچ زیانێکی نییە".


ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە جۆرە كرم و مێروویەک لە بەشێك لە گەڕەكانی شاری هەولێر و بەتایبەت گەڕەكەكانی (سێتاقان، زیلان ستی، دارەتوو، شاری هیوا، فەرمانبەران، ئالان ستی، شارەوانی و هاوكاری) بەڕیژەیەكی بەرچاو بڵاوبوونەتەوە، ئەوەش نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستكردوە، ڕۆژنیوز لەو بارەیەوە ئەم بەدواداچوونەی کردووە.

بەوتەی هاوڵاتیان كرمەكان زیاتر لەو گەڕەكانە بڵاوبۆتەوە كە دوورن لە سەنتەری شاری هەولێر و سەوزایی خۆڕسكیان لێوە نزیكە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماش لە ڕۆژدا كرمەكان نامێن و بەشەوان و بەرە بەیانیان زیاتر دەردەكەونەوە.

زریان تەها، دانیشتووی یەكێك لەو گەڕەكانەیە كە کرمەکەی تێدا بڵاوبوەتەوە و دەڵێت: ڕێژەیەكی زۆری كرم و مێروو بەنێو گەڕەكەکەمان بڵاوبۆتەوە داوا لە تیمە تەندروستیەكان دەكەین بە كاری خۆیان هەڵبستن بۆ نەهێشتنی ئەو كرمانە.

هەروەها سەرباز ئەحمەد، هاوڵاتییەکی دیکەیە و بەهەمانشێوە لە گەڕەكەکەیان كرمێكی زۆر بڵاوبووەتەوە و دەڵێت: "ئەو كرمە زیاتر لەكاتی فێنك بوونی كەشوهەوا لە كاتی شەوان و بەرەبەیان دەردەكەوێت و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ڕاستەوخۆ نامێنن".

 وتیشی: لە گەڕەكەکەمان (دارەتوو) ڕێژەی كرمەكە زۆرە هەروەها لە شارەدێی قوشتەپەش ڕێژەكە زیاترە و لەگەڵ هەندێك گەڕەكیتر، بۆیە هیواخوازین بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە ئەركی خۆیان هەڵبستن بۆ ئەوەی زیان بە هیچ هاوڵاتییەك نەگەیەنێت.

لای خۆیەوە فاخیر كرمانجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ڕاگەیاند: کرمەکان ماوەی چەند ڕۆژێكە‌ لە چەند گەڕەكێكی دەوروبەری شاری هەولێر بڵاوبووەتەوە، بەڵام بە هاوڵاتیانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین كە ئەو جۆرە كرمانە وەرزین و بەهۆی زۆری گژوگیا دەردەكەون، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی دواكەوتنی وەرزی گەرما و فێنكی ئاو و هەوا ژمارەیان‌ زیادیكردووە بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە گژوگیای زۆرە.

وتیشی: تیمەكانی پاراستنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانیە سەردانی گەڕەكەكانی نزیك دەشتایی دەوروبەری شاری هەولێر دەكەن و ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر به وەرگرتنی نموونەی كرمەكان و تێست كردنیان بۆ لەناوبردنیان لەگەڵ هەڵمەتی‌ ڕشاندنی دەرمانی قڕكەر بۆ ئەو شوێنانە دەستپێكراوە و بەردەوام دەبێت، وتیشی: لە كاتی پێویستدا هاوڵاتیان دەتوانن لە ڕێگای ئەم ژمارە مۆبایلەوە (٠٧٥٠٤٥٦٩٠٦٧) پەیوەندیمان پێوەبكەن.

فاخیر كرمانجی، ئاماژەی بەوەشكرد "هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەوجۆرە كرمانە بەشێكن لە خێزانی مێرووەكان و مەترسی و زەرەرمەندنین بۆ تەندروستی مرۆڤ بەپێی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و بەسەرچوونی بەهاریش ئەو جۆرە مێروانە نامێنن و لەناودەچن بۆیە هێچ پێویست بە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ ناكات".

ک.س