کۆدار: شەهیدانی ژینگەپارێز هێمای وڵاتپارێزیی و مرۆڤدۆستی کوردستانن

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆدار لە ڕاگەیەندراوێک یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوانی بەرزراگرتووە و بە هێمای وڵاتپارێزی و مرۆڤدۆستی کوردستان ناویان هێناوە، هەروەها داوای لە خەڵک کردووە ژینگە و سروشتی خۆیان بەبێ گەڕانەوە بۆ دامودەزگا دەوڵەتییەکان بپارێزن.


ئەمڕۆ کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بۆ یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی چوار ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شێوەیەکی گوماناویی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانیان لەدەستدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیدا، کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کۆدار ئاماژەی بە کێشەکانی سەد ساڵەی دوایی ژینگە لە جیهان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤەکان کردووە و دەڵێت: ئەمانە ئاکامی بەرژەوەندیخوازیی دەوڵەتە سەرمایەدارەکانە کە بەسەر سروشت دەیسەپێنن.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی چوار کەس لە چالاکوانانی ژینگەپارێز؛ "شەریف باجوەر، ئومێد کۆنەپۆشی،ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی"، کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکانی دەوروبەری مەریوان شەهیدبوون، سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان، خەڵکی مەریوان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ئەم شەهیدانە هێمای بەرزی وڵاتپارێزیی و مرۆڤدۆستیین لە ئاستێکی گەورە لە کوردستان، کە هەر کامیان سمبولێکن بۆ گەنجانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، ئەم شەهیدانە بە بەشداریی چالاکانەیان لە دامەزراندن و پەرەپێدان بە ڕێکخراوە مەدەنیی و ژینگەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران توانیان بازنەی تەسکی ناسیۆنالیستی کوردی و فارسیی تێپەڕێنن و ڕێگەیەک بکەنەوە بۆ چوونەدەرەوە لە بنبەستی سیاسیی-کۆمەڵایەتیی ئێران.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ژینگەی ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی کێشەیەکی زۆر بووەتەوە و بەشێکی زۆری ئاکامی کردەوەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێرانە، کە دەستی لە هیچ کارێک بۆ لەناوبردنی ژینگەی کوردستان نەپاراستووە، خەڵکەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بە قووڵی لەمە تێبگەن کە دروستکردنی لە ڕادەبەدەری بەنداوەکان و ئاگرکەوتنەوەکانی کوێستانەکانی داپۆشراو بە بەڕۆ بە هەڵکەوت و بەبێ بەرنامە بۆ داڕشتن نەبووە و نییە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو: کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، باوەڕی وایە کە تێکۆشان لە بەرامبەر کردەوە دوژمنکارانەکانی دەوڵەت و هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێران، پێویستی بە ئاگابوونەوە، ڕێکخستن و تێگەیشتنی گشتییە، بۆیە داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بە یەکگرتن و پشتبەستن بە ئیرادەی جەوهەری خۆیان بەبێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوەکانی ڕژێم، بۆ بەرگریی لە ژینگە و سرشتی خۆیان هۆشیارانە کار بکەن و ڕێگە نەدەن ئەم نیشتمانە ڕەنگاوڕەنگە فەرهەنگیی و سروشتییە ببێتە بیابانێک وشک و بێ ئاو.

ش.ف