کۆدار هۆشداریی لە بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس دەدات

کۆمیتەی ژینگەی کۆدار، هۆشداریی لە بڕینی داری دارستانەکانی زاگرۆس دەدات و پاراستنی بە ئەرکێکی نەتەوەیی و لەناوبردنیشی وەک دژایەتیی نیشتیمان ناودەبات.


ئەمڕۆ، کۆمیتەی ژینگەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، سەبارەت بە بڕینەوەی داری دارستانەکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە سەرناوی "پاراستنی دارستانه‌كانی زاگرۆس ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌"، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە بە درێژایی مێژوو سروشت بە ئەندازەی ئەم سەردەمە تووشی تاڵان و کاولکاریی و کارەسات نەبووەتەوە، ئەویش لە سایەی سیستمی هەلپەرست و تاڵانچیی سەرمایەدارییدا.

باس لەوش کراوە، کە"دەوڵەتی ئێران زیاتر لە هەر دەوڵەتێکی تر بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەریی کارامە و بەڕێوەبردنێکی ڕاست، وڵاتی بەرەو کاولبوونێک بردووە، کە زیندووکردنەوەی زۆر ئاستەمە،  جیاواز لە قۆرغکردنی سروشت لەلایەن رێكخراو و دامه‌زراوه‌ دەوڵەتییەکان، بەبێ هیچ چاودێرییەک ڕێگای لەبەردەم  پاوانخواز و دەست و پێوەندەکانی دەوڵەت و دۆست و خزمی بەرپرسان و کاربەدەستانی حکومییش بۆ داگیرکردنی دارستان و بوورەکانی کردووەتەوە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە"لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وێڕای هەبوونی دەیان رێکخراووەی ژینگەپارێزیی و کەسانی چالاکی ئەو بوارە. کە لە هەموو ئێراندا پێشەنگایەتیی هێڵی پاراستنی ژینگە دەکەن، دیسان بەگشتیی رۆژهەڵات و بە تایبەت مەریوان، کەسانێک هەن کە بە بیانوی هەژاریی، بەڵام لەژێرەوە بە پشتیوانیی و بە یارمەتیی خودی دەسەڵات سەریان کردووەتە بڕینی دارستانەکان و بێ شەرمانە خزمەتی داگیرکاریی و دژایەتی نیشتمان دەکەن".

ئەوەش هاتووە:"كاربه‌ده‌ستانی ر‌ژێم له‌ سه‌ر ناوی دروستكردنی هه‌لی كار و وه‌به‌رهێنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاماری له‌ راده‌به‌ده‌ری بێكاریی و پڕكردنی گیرفانی كارمه‌ندانی بێ مووچه‌، ماوه‌یەکە كۆمه‌ڵێک گروپی زه‌ویخۆر و هەلپەرەستی به‌رداوه‌ته‌ گیانی دارستانه‌كانی زاگرۆس و لەڕاستییدا سییه‌كانی نیشتمان به‌ كۆرۆنای زه‌ویخۆری كاول ده‌كا".

لە ڕوانگەی کۆدارەوە"ئەو کارە دەستدرێژییه‌ بۆسەر سامانی گشتی كۆمه‌ڵگا و کارێکی دوور لە ئەخلاق و پێوانە ئینسانی و نیشتمانییەکانە"، دەشڵێت:"سیاسه‌ته‌كانی نیۆلیبرالی ده‌وڵه‌تی رۆحانی له‌ بواری ئابووریدا به‌ به‌ستێنی سه‌ره‌كیی ئه‌و دۆخه‌ ده‌زانین. داوا لە هەموو رێکخراوە مەدەنییەکان و خەڵکی ناوچەکە بە تایبەت دەکەین بێ هیچ چاوپۆشییەک رووبه‌رووی ئەو کردەوە دژە نیشتمانییە ببنەوە، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌خوازین هه‌لوێستی گونجاویان سه‌باره‌ت به‌و تاڵانانه‌ هه‌بێت".

 

ش.ف