کۆرۆنا كۆترەكانی پاركی باخی شاری هەولێریشی تەنها هێشتەوەتەوە

بەهۆی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە ناو شار، كۆترەكانی پاركی باخی شار لە هەولێر تەنها ماونەتەوە، ڕۆژنامەنووسێكیش بۆ ئەوەی بە برسێتی نەمێننەوە، لە ماڵەكەی خۆیەوە خۆراك بۆ ئەو كۆترانە دەبات.


دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا سەرجەم هاتووچۆ و جوڵەی نێو سەرنتەری شارەكانی هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی ٤٨ كاتژمێر ڕابگیرێت، ئەمڕۆ خەڵک نەچوونە بازاڕ و ئەو کۆترانەش کە لە  پاركی باخی هەولێر لە بەردەم قەڵا ڕۆژانە خەڵک خواردنی دەدانێ ئەمڕۆ تەنیا و بێخۆراکبوون.

میران بەكر، ڕۆژنامەنووس، لە شاری هەولێر،  بە ڕۆژژنیوزی وت: سەرباری ئەوەی ئەمڕۆ لە ماڵەوە بووم و دەوامی فەرمیم نەبوو، بەڵام بیرم لەوە كردوە كە كۆترەکانی نێو پاركی باخی شار كەس ناچێت بەلایاندا و برسیان دەبێت، بۆیە بڕیارمدا خۆراكیان بۆ ببەم، بۆ ئەوەی بە برسێتی نەمیننەوە، وتیشی: ئەگەر بەیانیش بەهەمانشێوەبوو ئەوا خۆراكیان بۆ دەهێنم بۆ ئەوەی برسیان نەبێت .

میران ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو كۆرتانە دیمەنێكی جوانیان بە شاری هەولێر و نێو بازاڕ و قەڵای هەولێر بەخشیوە و تەنانەت بوونەتە مایەی ئارامكردنەوەی زۆرێك لەو كەسانەی كە لەو پاركە دادەنیشن .

پاركی باخی شار، دەکەوێتە بەردەم قەڵای هەولێر و لە ساڵی ١٩٣٧ دروستكراوە یەکێکە لە کۆنترین پارکەکان و لە ساڵی ٢٠٠٨دا نۆژەنكراوەتەوە.

ک.س