کۆرۆنا پەردەی لەسەر بازرگانییەکی بەربڵاو بە ئاژەڵە وشکاوەکییەکان هەڵماڵی

بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، تا ئێستا سەدان کێڵگەی یاسایی و قاچاخی ئاژەڵە وشکاوەکییەکان لە چین داخراون.


دەسەڵاتدارانی چین نزیکەی ٢٠ هەزار کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵی وشکاوەکییەکانیان داخستووە لەسەرانسەری وڵات کە زۆربەیان بە نهێنی و بەبێ چاودێری دارستان و ژینگەی ئەو وڵاتە بازرگانییان بەو ئاژەڵانەوە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی هوبی چین و بەدیاریکراوی شاری ووهان کە سەنتەرێکی گەورەی ئاژەڵە وشکاوەکییەکانی چینە، دەسەڵاتدارانی چین بیریان لە دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەو جۆرە بازرگانییە کردووەتەوە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی چین بازرگانی ئاژەڵە وشکاوییەکانیان بۆماوەیەکی کاتی لەسەرانسەری وڵات ڕاگرت، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتای ئەم مانگە هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ ڕێکخستنەوەی بەخێوکردنی ئەو ئاژەڵانە دەستپێکرد.

گاردیان بڵاویکردووەتەوە کە لە ئێستادا گەورە بەرپرسانی یاسادانانی چین یاسای پارێزگاریکردن لە ژیانی ئەو ئاژەڵە وشکاوییانە گۆڕیوە لەو وڵاتە و دووبارە چوارچێوەیەکی دیکەیان بۆ داڕشتووەتەوە و سزای توندتریشیان بۆ بازرگانیکردنی قاچاخی ئاژەڵە وشکاوەکییەکان داناوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، دەسەڵاتدارانی چین کەمترین زانیارییان هەبووە لەڕووی قەبارەی بازرگانی بە ئاژەڵە کێوییەکان و بەشێک لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان، بەڵام سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە وایکرد پەردەی لەسەر سەدان شوێنی بەخێوکردنی نایاسایی هەڵماڵی.

پێش چەند ڕۆژێک بەڕێوەبەرایەتی دارستانی چین بڵاویکردەوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ مۆڵەتیان بە دامەزراندنی کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵە وشکاوەکییەکانداوە و تەنها مۆڵەتی سێ هەزارو ٧٢٥ شوێنیان لەو ماوەیەداداوە.

بەڵام لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە، نزیکەی ١٩ هەزار شوێنیان داخستووە، کە چوار هەزارو ٦٠٠ شوێنیان لە هەرێمی جیلین بووە و سێ هەزارو ٩٠٠ شوێنیشیان لە هەرێمی هونان و دوو هەزاروو ٩٠٠ شوێنیش لە سیشوان و دوو هەزاروو ٣٠٠ یشیان لە یونان و دوو هەزاریشیان لە لیاونینگ و هەزار کێڵگەشیان لە هەرێمی شنشی بووە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، جۆرەها ئاژەڵی وشکاوەکی لەو کێڵگانە بەخێوکراوە کە لەنێویشیاندا پشیلەی زوباد هەیە کە هەڵگری ڤایرۆسی سارس بووە لە ٢٠٠٣دا.

ک.س