کۆرۆنا کاریگەری لەسەر کۆکردنەوە و بازاڕی كنگریش کردووە

كنگر، یەكێكە لەخواردنە ڕووەکییە كوردەوارییەكان، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهارو جەژنی نەورۆزدا، کنگر وەک ڕوەکێکی بەهارە بەشێوەیەکی سروشتی لە چیاکاندا دەڕوێت، دوای کۆکردنەوەی هاوڵاتیان بەشێوازی جۆراوجۆر ئامادەی دەکەن و وەک ژەمە خواردنێک کە تامو چێژی تایبەتی خۆی هەیە دەیخۆن، بەڵام ئەمساڵ کۆرۆنا کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی ئەو بەرهەمە خۆراکییەش هەبووە.


كنگر، ساڵانە لە سەرەتای هاتنی وەرزی بەهاردا، بەشێوەیەکی خۆڕسکانە لەدەشتاییەکان و زیاتر لەناوچە شاخەوییەكان دەڕوێت، چەندین ساڵە هاوڵاتیانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لەم وەرزەدا بۆ کۆکردنەوەی ڕوو لە چییاکان دەکەن و جگە لەوەی وەک ژەمە خۆراک سودی لێوەردەگرن بڕێکیشی دەبەن لە بازاڕەکانی شارەکاندا دەیفرۆشن.

وەک دەوترێت و بە بڕوای هەندێک کەس کنگر، چەندین سودی تەندروستی هەیە بۆ مرۆڤ، لەوانەش زەردویی ناهێڵێت، كۆلیسترۆڵی خوێن دادەبەزێنێت، كرداری هەرسكردنی خۆراك ئاسان دەكات، سودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە و دڵ، جگە لەوەش چەندین سودی دیكەی هەیە و بە چەند شێوازێک ئامادە دەکرێت بۆ خواردن لە وانەش سورکردنەوەی لە ڕۆندا ئەوەش دوای تیکەڵکردنی لەگەڵ ئارد و هێلکەدا کە پێیی دەوترێ "كنگر ماسی" هەروەها بە کوڵاوی و بە کاڵیش دەخورێت.

كنگر زیاتر لەلایەن ژنانی گوندەکانەوە لەناوچە شاخاوییەكان کۆدەکرێتەوە، بەشێكیان وەك بژێوی ژیانی خۆیان بۆ فرۆشتن دەیكەن، هەندێكیشیان بۆ خواردنی خۆیانە، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە داخستنی بازاڕەكانەوە ئەمسال زۆر بەكەمی دەفرۆشرێت، چونكە ڕێگەی هاتووچۆنیە كۆبوونەوەی قەرەباڵغی ڕێگە پێدراونیە.

كنگر، هەرچەندە لەهەموو زەوییەكدا سەوز دەبێت، بەڵام ئەگەر باران ببارێت زەوییەكەی شی بێت كنگرەكەی جوان و گەورەیە ئاسانیش هەڵدەكەنرێت، کە لە ڕێگەی ئامێرێکی تایبەتەوە کە سەرەکەی ئاسن و تیژە و کلکێکی درێژی داریی هەیە ئاسانتر هەڵدەکەنرێت.

وەرزی پێگەشتنی كنگر لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازە، لەناوچە گەرمیانەكاندا نزیكەی مانگێك پێش ئاگری نەورۆز پێدەگات، لەناوچە كوێستانیەكانیش ١٥ شەو یان کەمتر لەدوای ئاگری نەورۆز پێدەگات.

هەنا شەوكەت، یەکیک لەو ژنانیە کە چووەتە شاخەكانی سنوری شارۆچكەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی،  بۆ كنگر كردن، قسەی بۆ ڕۆژنیوز كرد و وتی: بەیانیان کاتژمێر ٧ دێین بۆ كنگركردن و کاتژمیر ٣ی دوای نیوەرۆ دەڕۆینەوە، تەنها بۆ خواردنی خۆمانی دەكەین، زۆر ناڕەحەتە بەم شاخانەدا دەگەڕێین تاوەكو و بەشی چەند ژەمە خواردنێک پەیدا دەكەین.

وتیشی، كنگری ئەمساڵ زۆرباشە ئێمە بە بەكوڵاوی و سورەوەكراوی، هەروەها بەشیوەی كنگرماسی ئامادەی دەکەین بۆ خواردن تامێكی تایبەت و خۆشی هەیە.

ئارەزوو عەبدولڕەحمان، ژنێكی دیكەیە بەدەم كنگر كوڵاندەوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز كرد وتی، ئێستا كاتی كنگركردنە، بەهۆی ئەوەی لەساڵێكدا تەنها لەوەرزێكدا هەیە خواردنێكی زۆر جیاواز و خۆشە لەخواردنەكانی بازاڕ، ئەگەر بەئاگریش بیكوڵێنیت زیاتر تامی خۆشە و جوانتر دەكوڵێت.

باسی لەوەشکرد کە ئەمسال بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغی هاتووچۆوە خەڵک کەمتر کنگر دەکەن و دەیفرۆشن.

ک.س