"کۆمپانیاکانی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك بەئارەزووی خۆیان پارە دەدەنە ژینگەپارێزان"

ژینگەپارێزانی سنوری شارۆچکەی سەیدسادق، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن لەگەڵ ئەوەی موچەکانیان زۆر کەمە ماوەی ٢ ساڵیشە بڕی ١٠٠ هەزار دینار لە موچەکەیان دەبڕدرێت،


نوێنەرێکی شارەوانی سەیدسادق-یش، لە کۆمپانییاکی تایبەت بە فڕێدانی خۆڵ و خاشاك ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی نەبوونی مەرج بۆ دیاریکردنی بڕی موچەی مانگانەی ژینگەپارێزان لە گرێبەستەکانی کارکردندا، کۆمپانیاکان بە بەئارەزووی خۆیان موچە دەدەنە ژینگەپارێزان.

لەسنوری شارەوانی شارۆچکەی سەیدسادق و پارێزگای هەڵەبجە ڕۆژانە ١٦٠ هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك کۆدەکرێنەوە و بەژێر خۆڵەوە دەکرێن، لە شارۆچکەی سەیدسادق-یش، كۆمپانیای گارێكس بۆ پاكکردنەوەی خۆڵ و خاشاك گرێبەستی كاركردنی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی کردووە لە ١٥-١-٢٠١٦ بۆ ١٥-١-٢٠١٩ بۆ کۆکردنەوە و فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی شارۆچکەکە، لەئێستاشدا بەشێوەی كاتی وادەی كاركردنی کۆمپانیاکە درێژكراوەتەوە، تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی نوێ‌ دەست بەكاردەبێت.

کرێکارانی ژینگەپارێزی سنوری شارۆچکەی سەیدسادق ڕایدەگەیەنن بەپێی ئەو گرێبەستەی كۆمپانیای گارێكس لەسەرەتادا لەگەڵی کردوون موچەی مانگانەیان ٤٥٠ هەزار دینار بووە بەڵام ماوەی ٢ ساڵە موچەکەیان کەمکراوەتەوە بۆ ٣٥٠ هەزار دینار و سەندیكاكانی كرێكارانیش لەسەر كەمكردنەوەی كرێی ئەو كڕێكارانە هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە.

لەتیف محەمەد، یەکێک لە ژینگەپارێزانی شارۆچكەی سەیدسادق لە بارەی گرفتەکانیان قسەی بۆ ڕۆژنیوزكرد و وتی: پێشبوونی پاشەكەوتی موچە ٤٥٠ هەزار دینارمان پێدەدرا بۆ كاركردن، بەڵام ئێستا بووە بە ٣٥٠ هەزاردینار، هەر چەندە حکومەت پاشەکەوتی لابردووە بەڵام ئێمە ئەو ١٠٠ هەزارەی لێمان بڕدراوە بۆمان نەگەڕێنراوەتەوە.

وتیشی: "هیچ كەسێك نەهاتووە بەدەم كێشەكەمانەوە بۆمان چارەسەر بكەن، سەرۆكی شارەوانی چەند هەوڵێكیدا، بەڵام پێیان وتین بەدەستی ئێمە نییە زۆربەی كۆمپانیاكان ئەو بڕە پارەیەیان كەمكردۆتەوە، ئەو پارەیەشی ئێستا پێمان دەدرێت بەشمان ناكات، لەكاتێكدا ڕۆژانە نزیكەی ٨ كاتژمێر كاردەكەین، داواكارین موچەكەمان بۆ زیادبكەنەوە".

مەحمود سەعید، ژینگەپارێزێکی دیکەیە و لەسەر بڕین و کەمی موچەکانیان وتی: لەكاتی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە بڕی ١٠٠ هەزار دینارمان لێدەبڕن ئەو بڕە پارەیەش بۆ ئێمە زۆرباشبوو، چونكە هەموومان خاوەنی ماڵ و منداڵێن بژێوی خۆمانمان پێدابین دەكرد، داواكاریمان ئەوەیە ئەو بڕە پارەیەمان بۆ بگێڕنەوە، چونكە ئیشەكەمان زۆر قورسە و ڕۆژانە ٨ كاتژمێر كاردەكەین.

لای خۆیەوە ئەنوەر حەسەن، نوێنەری سەرۆكایەتی شارەوانی سەیدسادق لەكۆمپانیای گارێكس سەبارەت بەبڕینی پارەی كارمەندانی ژینگەپارێز بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، "ئێمە گرێبەستێكمان هەیە بەپێی ئەو گرێبەستە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكان دەكەین، لەگرێبەستەكەدا شتێك نیە بەوەی كۆمپانیای پاپەند كردبێت بە دیاریکردنی بڕی موچەی کرێكاران، بۆیە كۆمپانیاکان بەئارەزووی خۆیان كرێكار دەگرن و كرێی كرێكارەكان دیاریدەكات، نەبوونی ئەو مەرجانەش گرفتە لەبەردەم ئێمەدا، چونكە ئەگەر كرێكارێك پارەی زیاتری پێبدرێت زیاتر كاردەكات و ئیشەكەی خۆشی خۆشدەوێت ئەو ٨ كاتژمێرە كاركردنەی بۆی دیاریكراوە زۆر بەباشی كارەكانی جێبەجێدەكات".

وتیشی: پێشوتر كۆمپانیایەكی دیكە هەبوو ٤٥٠ هەزار دیناری دەدا بەكرێكار، بەڵام ئەو تەندەرەی ئەم كۆمپانیایە كردویەتی بڕگەیەكی نیە كە دیاریكرابێت ئەو بڕە پارەیە بدرێت بەكرێكار، هەرچەندە ئێمە چەندین جار بەنوسراو داوامان بۆ سەرووی خۆمان كردوە با لە گرێبەستەكەدا بڕگەیەك هەبێت كۆمپانیا پاپەند بكات بەوەی موچەی مانگانەی ژینگەپارێزان ٦٠٠ هەزار دینار بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەو بڕگەیەوە وایكردوە بەئارەزووی خۆیان نرخ دیاریبكەن.

ڕۆژنیوز، پەیوەندیكرد بە بەڕێوەبەرانی كۆمپانیای گارێكسەوە بۆ قسەكردن لەسەر كێشە و گرفتەكانی كرێكارانی كۆمپانیاكە، بەڵام بەبیانوی جیاواز ئامادەنەبوون قسە بكەن.

ڕۆژنیوز زانیویەتی بەپێی گرێبەستی نوێی كۆمپانیای لابردنی خۆڵ و خاشاك دەبێتە ڕۆژە ناڕۆژێك و ئۆتۆمبێلەكانی خۆڵ فڕێدانیش بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمدەكرێتەوە.

ک.س