کەشتییەکی هیندی لە ئێران ژێر ئاو کەوت

کەشتییەکی کانتینری هێندی لە ئسکلەیەکی باشووری ئێران ژێر ئاو کەوت و هەموو بارەکەی کەوتە ناو ئاوەوە، لە دەستەی کەشتیواناندا بریندار هەیە.


کاتژمێرێک پێش ئێستا کەشتییەکی بارهەڵگری کانتینر کە کەشتی وڵاتی هێندستانە لە ئسکلەی ڕەجایی بەندەرعەباس لە باشوری ئێران بەهۆی خراپ بارکردنی بارەکەی ژێر ئاو کەوت،دەستەی کەشتیوانی کەشتییەکە ١٤ کەس بوون و هەموویان هێندین.

شاهێدحاڵێک لە نزیک کەشتییەکە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەو کەشتییە لە ئێرانەوە باری هەڵگرتووە بۆ هیندستان، بەڵام لە کاتی بارکردنی کانتینەرەکان بەهۆی خراپ بارکردنیان کەشتییەکە خوار بووە و ژێر ئاو کەوتووە و هەموو کانتینرەکان کەوتوونەتە ژێر ئاو.

سەرچاوەکە هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە کەشتییەکە هەڵگری ١٤ کەس بووە کە چەند کەسێکیان بریندارن و یەکێک لە بریندارەکان لەو ڕووداوە قاچێکی لەدەستداوە.

ئەم ڕووداوە کاتژمێر ١٠:٠٠ بە کاتی ئێران ڕوویداوە، شوێنی ڕووداوەکەش ئسکلەی ٢٥ی بەندەری ڕەجایی لە پارێزگای بەندەرعەباسە کە دەکەوێتە باشوری ئێران.

س.ح