کەشناسی هەرێم هۆشداریی لە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین دەدات

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی دووشەممە کاریگەریی ئەم شەپۆلەی بارانبارین نامێنێت و لە ڕۆژی چوارشەممەشەوە، شەپۆلێکی نوێی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات.


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، پێشبینی دەکرێت ئەو شەپۆلە چڕەی بارانبارین، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام بێت و بەڕێژەی جیاواز باران لە ناوچە جیاوازەکان ببارێت.

کەشناسیی باسی لەوەش کردووە، ڕۆژی دووشممە ١٠ی کانوونی یەکەم، کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە نامێنێت و باران دەوەستێت، بەڵام لە ڕۆژی چوارشەممەوە ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین لە ئارادایە.

چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە لە چەند شوێنێکی لافاو دروستبووە و زیان بەر هاوڵاتیان کەوتووە.

بە پێی ئامارەکانی کەشناسیی، تا ئێستا لە ناوەندی شاری هەولێر ٢٦٤.٥ ملیم، لە ناوەندی شاری سلێمانی ٣٣٧.٤ ملیم، لە ناوەندی شاری کەرکوک ٢٠٣.٤ ملیم، لە ناوەندی شاری دهۆک ٣٢٧.١ ملیم و لە ناوەندی هەڵەبجەش ٢٧٨.٨ ملیم باران باریوە. لە تەواوی هەرێمی کوردستانیشدا لە شارەدێی دینارتە زۆرترین بڕی باران باریوە کە ٦٠٦.٩ ملیمە.

ش.ف