کەمپەینی نا بۆ کوشتنی سەگ بەردەوامە

لە شاری هەولێر کەمپەینی نا بۆ کوشتنی سەگ ڕاگەیەندراوە و بەشداربوان لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشیاریی سەربارەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵ و سەگ بەتایبەت بڵاودەکەنەوە.


ڕۆژی ١ی ئەم مانگە چنار نامیق، مامۆستا بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەلاحەدین بە هاوکاریی خوێندکارەکانی کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "نا بۆکوشتنی سەگ"، "توخوا مەمکوژە"، دەستپێکرد و تا کاتێکی نادیار بەردەوامە.

کاری کەمپەینەکە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەروەها بڵاوکردنەوەی هاشتاگەکانی #نا_بۆ_کوشتنی_سەگ ، #کوشتنی_سەگ_کارێکی_نامرۆڤانەیە.

سەبارەت هۆکاری ڕاگەیاندنی کەپەینەکەوە، چنار نامیق، بە ڕۆژنیوزی وت: ڕۆژانە دەبینین، كە چۆن ئاژەڵەکان دەكوژرێن و ئازار دەدرێن یان هەڵدەواسرێن یان لە پشتی ئۆتۆمبیل ڕایان دەكێشن، ئەمانە وامان لێدەکەن، کە نەتوانین زیاتر بێدەنگ بین، لەڕێگای ئەم کەمپەینەوە دەمانەوێت ئەم دیاردەیە نەهێڵین و لایەنی پەیوەندیداریش لەو بارەیەوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، ئەو سەگانەی ئازاری مرۆڤ دەدەن با  لە شوێنێك كۆبكرێنەوە یان ڕێگری لە زیادبوونیان بكرێت بە دەرمان، نەک بکوژرێن.

چنار نامیق، پێشیوایە، کە کەمپەینەکەیان کاریگەریی خۆی دەبێت و خەڵکێکی زۆر سەیری دەکەن و بەشدار دەبن لە بڵاوکردنەوە، وتیشی: دەمانەوێت کەمپەینەکە کراوە بێت تا کۆمەڵگا بەتەواویی ئاگادر بێت لەو بابەتە، هەروەها دەمانەێت فراوان بکەین و لەڕێگای پەروەردەوە کاری بۆ بکەین، چونکە پاراستنی ژیانی ئاژەڵان ئەرکی هەمووانە.

ش.ف