کەمپەینێک بۆ پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە ڕاگەیەندرا

لەشاری سلێمانی کەمپەینێک بۆ پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە ڕاگەیەندرا، لە کەمپەینەکەدا، خۆراک و پارە و دەرمان کۆدەکرێتەوە، ئەوە پارەیەی کۆدەکرێتەوە شوێنی بۆ ئاژەڵانی بێلانە پێدروستدەکرێت، لەشوێنە جیاوازەکانیش خۆراکیان بۆ دادەندریت، هەروەها دەرمانەکانیش بۆ تیمارکردن و چاککردنەوەی ئاژەڵە نەخۆش و بریندارەکان بەکاردێت.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە دەستپێشخەری نووسەر و هونەرمەند توانا ئەمین، لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی کەمپەینی 'پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە' بۆ کۆکردنەوە پیتاک و خۆراک و دەرمان بۆ ئاژەڵانی سەرجادە، ڕاگەیەندرا و کەمپەینەکە ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، سێ ڕۆژی لە شاری سلێمانی و سێ ڕۆژیش لە شاری هەولێر دەبێت.

کەسانی ڕۆشنبیر، نووسەر، مامۆستا و ژینگەپارێز، ئاژەڵ پارێز و چالاکوان و سەرجەم چین و توێژەکان، بەشدارن لە کەمپەینەکەدا و بە تایبەت ئەو کەسانەی کە چارەسەری ئاژەڵی بریندار دەکەن.

لەم کەمپەینەدا خێمە هەڵدەدرێت و خۆراک و پارە و دەرمان، لەو هاوڵاتیانە وەردەگیرێت کە خواستیان هەیە هاوکاری پێشکەش بە ئاژەڵانی بێلانە بکەن.

ڕێکخەرانی کەمپەینەکە ئامانجیانە، کە فشارێکی مەدەنیانە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستبکەن، لەپێناو دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە ئاژەڵان، کە هەر ئەشکەنجە دانێکی ئاژەڵان بە تاوان بناسرێت.

هەروەها دەیانەوێت هانی حکومەت بدەن بۆ دروستکردنی پەناگەیەک بۆ ئاژەڵان لەهەموو شار و شارۆچکەکاندا.

وەک خۆشیان ئاماژەیان پێکرد، ئامانجیانە هۆشیاریی هاوڵاتیان بەرامبەر ئاژەڵانی بێلانە بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی هەموو تاکێک هەست بە ئازار، برسێتی، ژیان ناخۆشی ئاژەڵان بکات.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەم کەمپەینە ئەوەیە، کە ئاژەڵدۆستان لە گروپێکدا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە خزمەتێکی زیاتر بکەن.

توانا ئەمین، خاوەنی بیرۆکەی کەمپەینەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا ڕایگەیاند، ئەم کەمپینە تەنیا بۆ پاراستنی ئاژەڵ نییە و بۆ پاراستنی مرۆڤەکانیشە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کەهاوکاریمان بکەن، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پاراستنی ئاژەڵانە و دەبێت لە سیستمی پەروەردەشدا جێگا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو خزمەتی ئاژەڵان بکەن، نەک بێ بەزەیی بن بەرامبەریان.

لەئێوارەی ئەمڕۆوە، خێمەی کەمپەینەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی هەڵدەدرێت و کۆمەک و خوراک و دەرمان لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.

د.ع