کەمیی ڕێژەی سەوزایی چەندین کاریگەریی بەسەر چەمچەماڵەوە جێهێشتووە

ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەی چەمچەماڵ تەنها %٤-ە، ئەمەش بەبۆچوونی ژینگەپارێزانی شارۆچکەکە، کاریگەریی هەیە لەسەر پیسبوونی ئاوهەوای شارۆچکەکە و بەرزبوونی پلەکانی گەرما و سیمای شارۆچکەکە، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵیش دانیپێدادەنێت، کە وەک پێویست نەیانتوانیوە گرنگیی بە ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکە بدەن.


کەمیی ڕێژەی سەوزایی لە سنوری شارۆچكەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کاریگەریی جیاوازی بەسەر شارۆچکەکەوە جێهێشتووە، لەئاست ڕێژەی سەوزایی ستانداردی جیهانیی بۆ شارەکان کە %١٥-یە، ڕێژەی سەوزایی چەمچەماڵ تەنها %٤-ە.

مەعروف مەجید، سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، هۆکارەکانی کەمیی ڕێژەی سەوزایی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە، کە بریتین لە وشکەساڵیی، کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاونەدانی پێویستی دارودرەختەکان، دیاردەی ئاژەڵداریی لەناو شارۆچکەکە و ئاگرکەوتنەوە.

مەعروف مەجید، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەرزكردنەوەی ئاستی سەوزایی تەنها بە شارەوانی و ڕێكخراوەكانی بواری ژینگە ناكرێت، بەڵكو دەبێت تاك بەتاكی كۆمەڵگا هەست بەبەرپرسیارێتی بكەن و ببن بەژینگەپارێز.

سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، کاریگەرییەکانی کەمی ڕێژی سەوزایشی دەستنیشانکرد، بەوەی کە کاریگەریی هەیە لەسەر سیمای شارۆچکەکە و پیسبوونی ئاوهەواکەی و بەرزبوونی پلەکانی گەرماش لە شارۆچکەکە.

ئارام نەجات، سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ، بۆ ڕۆژنیوز ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکەی بە %٤ دیاریکرد و هۆكارەکەشی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە، چونكە بەوتەی خۆی: زیاتر گرنگیی بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ و قیرتاوكردن دراوە، دەرفەت نەبووە گرنگیی بە لایەنی سەوزایی سنوورەكە بدرێت.

سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ، ئەوەشی خستەڕوو، کە لە كارنامەیاندایە %٢٠ی داهاتی شارەوانییەکەیان بۆ بەرزکردنی ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکە تەرخان بكەن، بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی شارۆچکەکەش، لەئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی دوو باخچەن، ڕاشیگەیاند: بەو داهاتی %٢٠ی شارەوانییەکەمان، کار بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوزایی دەکەین بەدەوری چەمچەماڵدا.

ب.ل