گفتوگۆی پاراستنی ئاو لە میزۆپۆتامیا بەردەوامە

لە دووەم ڕۆژدا گفتوگۆی پاراستنی ئاو لە میزۆپۆتامیا لە زانکۆی سلێمانی بەردەوامە، ئەمڕۆش گفتوگۆ لەسەر سەرچاوەکانی پیسکردنی ئاو و زیانەکانی بەنداوەکان و بەهێزکردنی چالاکییەکان بۆ پاراستنی ئاو دەکرێت.


دوێنێ بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠٠ کەسایەتی ئەکادیمی و ژینگەپارێز و بەرپرسانی ناوچەیی لە باکور و باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، گفتوگۆی ئاوی میزۆپۆتامیا لە سلێمانی دەستیپێکرد و ئەمڕۆ لە ڕۆژی دووەمیدا بەردەوامە.

ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پشتیوانیی بۆ چالاکییەکانی پاراستنی ئاو، هەروەها پیسکردنی ئاو لە ڕێگای پیشەسازی و کێشە ژینگەییەکان، سیاسەتی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لە میزۆپۆتامیا، لێکۆڵینەوە لەسەر بەنداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەنجامەکانی لە میزۆپۆتامیا و بەفیڕۆدانی ئاو لەلایەن مرۆڤ و کاریگەرییەکانی لە میزۆپۆتامیا دەکرێت.

 

بڕیارە گفتوگۆکە ئەمڕۆ تا کاتژمێر ۰٦:۰۰ی ئێوارە بەردەوامبێت، سبەینێش کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.

 

ش.ف