گه‌رمیان، زیاتر له‌ ١٠٠ دۆنم زه‌وی سووتا

له‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، سێ ئاگر كه‌وتەوە‌و لە ئەنجامیاندا، بەگشتی زیاتر لە ١٠٠ دۆنم زەوی جوتیاران سووتاوە.


ئه‌مڕۆ، له‌ سنوری شارۆچكه‌ی كه‌لار، كفری و شاره‌دێی قۆره‌توو، ئاگر له‌ ده‌غڵودانی جوتیاران و پوش و پاوانی ناوچه‌كه‌ كه‌وتەوە، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی كه‌لار و كفری و ڕزگاری و قۆره‌توو به‌شدارییان له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كان كردووه، دوای سووتانی زیاتر لە ١٠٠ دۆنم، ئاگرەکان كۆنترۆلكراون .

له‌ ناوشارۆچكه‌ی كفری و له‌ڕێگای به‌نداوی باوه‌شاسوار، به‌هۆكارێكی نادیار ئاگر له‌ ناوچه‌یه‌كی چیمه‌نی سه‌ر ڕێگاكه‌ كه‌وته‌وه‌ و دوای زیاتر له‌ ٤٥ خولەک ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵكرا.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئیبراهیم محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی به‌رگری شارستانی كه‌لار، بۆ ڕۆژنیوز وتی: له‌ شه‌قامی پشتینه‌یی كه‌لار ئاگر له‌ ناو باخی هاوڵاتیه‌ك كه‌وته‌وه‌ و زیانی به‌ ژماره‌یه‌ك دار و جێگای یه‌ك دۆنم زه‌وی و پوش و پاوان گه‌یاند، هه‌روه‌ها له‌ چه‌می به‌رلوت ئاگرێك كه‌وته‌وه‌ و نزیكه‌ی دوو دۆنم پۆش و پاوان سوتا، ئاگری سێیه‌م له‌ گوندی باریكه‌ كه‌وته‌وه‌ و ١٠٠ دۆنم زه‌وی و ده‌غڵ و دان و پوش و پاوانی ناوچه‌كه‌ سووتا.

بە وتەی ئیبراهیم محەمەد، زیاترله‌ هەزار دۆنم زه‌وی و سێ  پرۆژه‌ی كشتوكاڵی هاوڵاتیان له‌ سووتان ڕزگاركراوه،‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك داری ناو باخه‌كه‌دا.

س.ح