گه‌رمیان، لە دوو مانگدا ٤٦ هه‌زار دۆنم ده‌غڵ و پوش سووتاون‌

له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، بە تەنها لە مانگی ڕابردوو و ئەم مانگەدا زیاتر له‌ ٤٦ هه‌زار، دۆنم زه‌وی ده‌غڵودان و پووش و پاوان و له‌وه‌ڕگا سوتاوون و زۆربه‌شیان به‌ هۆكاری نادیار بووه‌.


جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو ئه‌مساڵ له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، کە شارۆچكه‌كانی كه‌لار و كفری و شاره‌دێیه‌كانی، ڕزگاری، ئاوه‌سپی، زنانه‌، باونوور، سه‌رقه‌ڵا، قۆره‌توو، مه‌یدان، كۆكس، ده‌گرێته‌وه‌ زۆرترین ده‌غڵودان و به‌رهه‌می جوتیاران سووتاوه‌ یان به‌هۆكاری نادیار سوتێراوه‌.

نیعمه‌ت عه‌لی، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی گه‌رمیان، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا، ئاماری مانگی ئایار و حوزیرانی ئەمساڵی بۆ ڕۆژنیوز، خسته‌ڕوو‌ .

بە پێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا، ٦٥٠ حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆماركراوه‌،  ٩٥٪ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌، تایبه‌ته‌ به‌كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر و سووتانی ده‌غڵودانی جوتیاران، هەروەها له‌ سنوری هه‌موو گه‌رمیان، ٤٦ هەزار و ٥٦٠ دۆنم زه‌وی گه‌نم، جۆ، پووش و پاوان، له‌وه‌ڕگا و باخ سووتان، له‌گه‌ڵ ده‌ڕاسه‌یه‌ك، هه‌روه‌ها سه‌دان دۆنم زه‌وی ده‌غڵودان و ٥٠ ته‌ن گه‌نم و دوو ده‌ڕاسه‌ و كارگه‌یه‌كی غاز و ٣٠ ته‌ن ئارد و جێگایه‌كی به‌خێوكردنی مریشك له‌ سووتان ڕزگاركراون.

وتیشی: زۆربه‌ی ئه‌و ده‌غڵودان و پوش و پاوانانه‌ی سووتاون له‌ ناوچه‌كه‌، به‌هۆكاری نادیار بووه‌ و نه‌زانراوه‌ چۆن سووتاوه‌، هه‌رچه‌ند یاریده‌ده‌رێتی ئاسایشی كه‌لار، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی ده‌ستگیركرد، كه‌ تۆمه‌تباربوون به‌ سوتانی ده‌غڵودان، به‌ڵام هیچیان به‌ هۆكاری راسته‌وخۆی ئاگر کەوتنەوەکان تاوانبار نه‌كران.

وته‌بێژی به‌رگری شارستانی گه‌رمیان، ڕونیشیکردەوە کە به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو، ئه‌مساڵ زۆرترین ئاگر و سوتانی ده‌غڵودان له‌ ناوچه‌كه‌ ڕوویداوه‌، هەروەها ئه‌و ٥٪ی دیكه‌ی حاڵه‌ته‌كانی سووتان له‌ هه‌ردوو مانگه‌كه‌دا، به‌زۆری سووتانی ماڵان و دووكان بووه‌ به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌، لەگەڵ سوتانی ئۆتۆمبێل‌.

ک.س