گه‌رمیان، ٢٠٧٠ دۆنم زه‌وی دیکە لە دەغڵودان و پوش سوتا

به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌وه‌، له‌ سنوری شارۆچكه‌ی كفری و خانه‌قین، ٢٠٧٠ دۆنم زه‌وی دەغڵودان و پوش و پاوانی دیکە سوتا‌، تا ئێستاش بەشێک لە ئاگره‌كه كۆنترۆڵنه‌كراوه.


پێشنیوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ، له‌ سنوری شاره‌دێی زنانه‌ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كفری ئیداره‌ی گه‌رمیان و شاره‌دێی قۆره‌تووی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قینی پارێزگای دیاله‌، به‌ هۆكاری نادیار سێ ئاگری دیکە لەو سنورە كه‌وته‌وه‌.

ئاگری یه‌كه‌م و دووه‌م، له‌ گونده‌كانی په‌ته‌كی و چه‌وری و دوڕاجی كه‌وتوه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ی ٧٠ دۆنم ده‌غڵودان و پاوان سوتاوه‌ و به‌ زووی له‌ لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی كفری  و خه‌ڵكی كۆنترۆڵكراوه.

ئاگری سێیه‌میش، له‌ گوندی ساڵح ئاغا كه‌وتوه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆی خێرایی ئه‌و بایه‌یی ئێستا هه‌یه‌ په‌لكێشی كردووه‌ بۆ گوندی باریه‌كه‌، نزیكه‌ی ٢٠٠٠ دۆنم ده‌غڵودان و پوش و پاوان سوتاوه‌ و تا ئێستاش ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵنه‌كراوه‌ و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی كه‌لار سه‌رقاڵی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئاگره‌كەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی ڕابردووش لە‌ سێ ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی جیاجیادا، له‌ سنوری شارۆچكه‌ی كفری و خانەقین، زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وی گه‌نمی جوتیاران و ده‌ڕاسه‌یه‌كی دروێنه‌ كردن سوتا.

ک.س