گۆڕستانی چوارقوڕنە سووتا

فڕێدانی جگەرەیەک بووەهۆی سووتانی گۆڕستانی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین.


کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە گۆڕستانی گەورەی شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین کەوتەوە و بەشێکی زۆری گۆستانەکە سووتا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، حسێن عەبدوڵا، وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بە ڕۆژنیوزی داوە، ئاگرەکە بەهۆی فڕێدانی جگەرەوە کەوتووتەوە.

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین، داوای لە هاوڵاتیان کرد، کە بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگە بکەن و پاشماوەی ئاگر بەجێنەهێڵن و جگەرەکانیان بە تەواویی بکوژێننەوە، ئینجا فڕێی بدەن، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.

لەدوو ڕۆژی جەژندا ئەمە دووەمین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕوودەدات و دوێنێش ئاگر لە بەشێکی بازاڕی میوەفرۆشانی نزیک نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کەوتەوە و بەهۆیەوە شەش دووکان سووتان.

لە مانگی ڕابردووە، جگە لە سووتانی دەغڵودانی جوتیارانی ناوچە دابڕێندراوەکان، کە بەمەبەست لەلایەن عەرەبە شۆڤێنییەکان و چەتەکانی داعشەوە دەسووتێندرێن، ڕۆژانە ئاگر لە ناوچە جیایاکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە زیانی زۆر بە ژینگە و ماڵی هاوڵاتیان دەگەیەنێت، کە بەشێکی ئەو ئاگرانە لە ئەنجامی فڕێدانی جگەرە و بەجێهێشتنی پاشماوەی ئاگرەوە دەکەونەوە.

ش.ف