گەرمیان، خوێندکاران و هاوڵاتیان لە بری کرێکاران لە شەقامەکانن

بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، کۆمەڵێک خوێندکاری پەیمانگا لە شارۆچکەی کەلار و گروپێک لە هاوڵاتییانی شارەدێی باوەنوور، لە بری کارگوزار و کرێکاران شەقامەکانیان خاوێنکردەوە.


١ی ئایار ڕۆژی کرێکارانە لە جیهاندا، لە زۆرینەی وڵاتاندا ئەم ڕۆژە کراوە بە پشووی فەرمیی، هەروەها کرێکاران لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەبەن و داوای مافەکانیان دەکەن.

ئەمڕۆ کرێکارانی ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی لە پشوودابوون، لەبری ئەوان و بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە، بەشێک لە  خوێندکارانی پەیمانگای کۆمپیتەری گەرمیانی نا حکومی لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە چالاکوان و هاوڵاتییانی شارەدێی باوەنوور هەستان بە پاککردنەوەی شەقامەکان لە زبڵ و خاشاک.

سەبارەت بە چالاکییەکەشیان ئاماژەیان بەوەدا، کرێکاران و کارگوزارەکان لە خزمەتکردنی ژینگە و شەقام و شاردان، بۆیه ئەرکی هەمووانە ڕۆژێک لەبری ئەوان کاربکەن، تا لە بارودۆخی ئەوان تێبگەن، هەروەها پەیامێکی ژینگەییە بۆ تەواوی کۆمەڵگا کە بە ئاگابێن لە پیسکردنی ژینگە و زەحمەتییەکانی ژیانی کرێکار و کارگوزارەکان.

 

س.ح