گەرمیان، سه‌وزایی ٥% کەمترە و بەشێک لە تانکەرەکانیش ژینگە پیس دەکەن

سه‌رۆكی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، زیاتر له‌ 3 مانگه‌، ژماره‌یه‌ك تانكه‌ری نه‌وت، له‌ نزیك شوێنه‌ گشتییه‌كانی سنووری شارۆچكه‌ی كه‌لار، نه‌وت و ڕۆنی ڕه‌شی پیس بەشێوەیەکی نەشیاو ڕۆدەکەن كه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، بۆسه‌ر مرۆڤ، به‌رپرسێكی ژینگه‌ی گه‌رمیانیش دەڵێت: ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ گه‌رمیان زۆر كه‌مه‌ و تائێستا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ 5%.


به‌پێی ستانداری جیهانی، ڕێژه‌ی سه‌وزایی ده‌بێت له‌ نێوان 15% بۆ 25% بێت، بە پێی وتەی بەرپرسانیش له‌ ئێستادا له‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، ڕێژه‌ی سه‌وزایی لە ٥% کەمترە و زیاتر له‌ 3 مانگیشە‌، ژماره‌یه‌ك تانكه‌ری نه‌وت، له‌ نزیك شوێنه‌ گشتیه‌كان نه‌وت و ڕۆنی ڕه‌شی پیس بەشێوەی نەشیاو ڕۆدەکەن ئەوەش بووەتە هۆی پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە، لەوبارەیەوە ڕۆژنیوز ئەم بەدوادا چونەی بۆ ئەو پرسانە کردووە.  

به‌وته‌ی به‌شێك له‌ ژینگه‌پارێزان، هۆكاری كه‌می ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ گه‌رمیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌شوهه‌وای گه‌رم، كه‌ به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما، كه‌ له‌‌ ناوچه‌كەدا‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها خزمه‌تنەكردنیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و نا هۆشیاری خه‌ڵك له‌ پاراستنی ژینگه‌ هۆكارێكی دیكه‌ی کەمی سەوزایین‌.

ئەوەش لە کاتێکدایە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی گه‌رمیان، له‌ ساڵی2010وە تائێستا، له‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، 129 باخی زه‌یتونی لە‌ ڕێگای جوتیارانه‌وه،‌ له‌ سەر ڕووبه‌ری 855 دۆنم زه‌وی دروستكردوه‌، هه‌روه‌ها 340 باخی مۆڵه‌تپێدراوی هاوڵاتیان هه‌یه‌، کە ساڵی ڕابردوو به‌هۆی به‌رزی پله‌كانی گه‌رما و خزمەتنەکردنیان بەپێی پێویست زیانی زۆریان بەركه‌وت.

سەرەڕای کەمی ڕێژەی سەوزایی لە گەرمیان ماوه‌یه‌كه،‌ له‌لایه‌ن ژمارەیەک تانكه‌ری گواستنەوەی سوتەمەنییەوە، پاشماوه‌ی نه‌وت و ڕۆنی ڕه‌ش له‌ هه‌ندێک جێگا ڕۆ دەکرێت کە نزیكە له‌ ماڵه‌كانه‌وه‌، لەوبارەیەوە ئيبراهيم زه‌ریف، سه‌رۆكی ڕێكخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ماوه‌ی زیاتر له‌ 3 مانگه‌، ژماره‌یه‌ك تانكه‌ری نه‌وت، له‌ نزێك شوێنه‌ گشتییه‌كانی سنوری شارۆچكه‌ی كه‌لار، نه‌وت و ڕۆنی ڕه‌ش به‌تاڵ ده‌كه‌ن، بێ گوێدانه‌ پیسبوونی ژینگه‌ یان تێكه‌ڵ بوونی به‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی ماڵان، كه‌ مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، بۆسه‌ر مرۆڤ.

سه‌رۆكی ڕێكخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان، وتییشی: پێشتر ژماره‌یه‌ك له‌و تانكه‌رانه‌ ده‌ستگیركران و سزادران، به‌ڵام پرسه‌كه‌ ڕیشه‌ كێش نه‌كرا، ئێستا جارێكی دیكه‌ ژماره‌یه‌ك تانكه‌ری دیكه‌ هه‌مان كار دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی قائیمقام و شاره‌وانی وپۆلیسی هاتوچۆ، بەئه‌ركی خۆیان هه‌ستان، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌بوو، بۆیه‌ پێویستە داواكاری گشتی بێته‌ سه‌رخه‌ت ڕێگری لەو کارە بکات.

لەبارەی پرسە ژینگەییەکانەوە دورێد سه‌لیم، بەڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: له‌ گه‌رمیان، دوو كێشه‌ی ژینگه‌ی زۆر زه‌ق هه‌یه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌ ڕێژه‌ی سه‌وزایی کە زۆر كه‌مه‌ وناگاته‌ 5%، دووه‌م كێشه‌، ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌‌ ده‌شتییه‌كان، له‌ ڕێگای ڕاوی نایاساییه‌وه‌ له‌ لێواری له‌ ناوچووندان.

وتیشی: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دارستان و پاوانی گه‌رمیان، پلانی سه‌وزكردنی پشتێنه‌ی كه‌لاری هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها پلانی هه‌بووه‌ له‌ شاره‌دێیه‌كانی سنوری شارۆچكه‌ی كه‌لار دارستانی ده‌ستكردی 100 دۆنمیان هه‌بووه‌، بەڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ هه‌مووی ڕاگیراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵی 2013 پشتێنه‌یه‌ك به‌ درێژی 5 كیلۆمه‌تر و پانی 21م دروستكراوه‌ و كۆی داره‌كانی 10 هه‌زار.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، له‌ئێستادا لە شارۆچکەی كه‌لار، 60 باخچه‌ی گه‌وره‌ و بچوكی تێدایه‌ و 12 باخچه‌یان پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پێویستی به‌ 200 باخچه‌ی دیكه‌‌یە بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی سه‌وزایی زیاد بكات، به‌شی باخچه‌كانی سه‌ر به‌ شاره‌وانی كه‌لار، له‌ پلانیدایه‌ بۆ ئه‌مساڵ، به پانتایی 60 مه‌تر و به‌درێژایی شه‌قامی پشتێنه‌یی كه‌لار بكاته‌ دارستان.

ک.س