گەرمیان، لە ساڵی ڕابردوودا ۲٨٦ ڕاوچی دەستگیرکراون

لە ساڵی ٢٠١٨دا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ٢٨٦ ڕاوچی دەستگیرکراون، هەروەها زیاد لە ١٢ ملیۆن دیناریش وەک سزای دارایی لە سەرپێچیکاران وەرگیراوە، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان.


ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٨ی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو.

سەرکەوت ڕەحیم، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ساڵی ڕابردوودا لە سونوری ئیدارەی گەرمیان ٢٨٦ سەرپێچیکار لە کاتتی ڕاوکردندا دەستگیرکراون و دراون بە دادگا، هەروەها بڕی د١٢ ملیۆن و ٣٩٥ هەزار دینار وەک سزای دارایی لە سەرپێچیکاران وەرگیراوە.

هەر لە ساڵی ۲۰۱۸دا، پۆلیسی دارستانی گەرمیان دەستیگرتووە بەسەر ۱۱٤ پارچەچەکی ڕاوکردن و ٥٤۸ فیشەکی جیاواز، هاوکات ۷۸ باڵندەش ئازادکراوە، شەش ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیلیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ١٠ دۆنم زەوی پوش و پاوانەکان سوتاون.

وتەبێژەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای کاریگەری زۆری قەیرانی دارایی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بەردەوامن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیانیان وڕێگریی دەکەن لە سەرپێچیکاران بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچەکە وێران نەکەن و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان لەناو نەبەن.

 

ش.ف