گەرمیان، هەڵمەتی هەفتە چالاکی ژینگەیی ڕادەگەیەنرێت

لە گەرمیان، هەڵمەتی هەفتە چالاکی ژینگەیی ڕاگەیەنرا، لە یەکەم ڕۆژی هەڵمەتەکشدا چەند چالاکیەک ئەنجامدرا.


بەمەبەستی بەرزراگرتنی ڕۆژی ژینگەی کوردستان، فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان, ئەمڕۆ هەڵمەتی هەفتە چالاکی ژینگەییان ڕاگەیاند، لە ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەشدا بەشێک لە دیواری شەقامەکان بە ڕێنمایی ژینگەیی نەخشێنران و گوڵ و دار چێنران و چەند باڵندەیەکیش ئازادکران. 

هەڵمەتەکە بە دروشمی ھەناسەیەکی پاک لە ١٦ی٤ ڕۆژی ژینگەی کوردستان، لەسەر ئاستی سنوری ئیدارەی گەرمیان بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆش لە بەرزاییەکانی بەردەسوور لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتەکە بە ئەنجامدانی سێ چالاکی جیاواز دەستیپێکرد، سەرەتا فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، بە هاوکاری بەشێک لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە ناحکومییەکانی کەلار، هەستان بە نەخشاندن و ڕەنگکردنی بەشێک لە دیواری شەقامە سەرەکییەکان.

دواتر ١٦ کۆتری سپی و چوار کۆتری ڕەش ئازادکردن، وەکوو هێمایەک بۆ ئەنفالی گەرمیان، پاشان بە چاندنی گوڵەباخ و داری ڕۆزماری و دابەشکردنی بەسەر ماڵاندا لەلایەن منداڵانەوە لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی چالاکیەکە درێژەی پێدرا.

دورەید سەلیم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، سەبارەت بە پشتبەستنیان لە هەڵمەتەکەدا بە منداڵان وتی: "منداڵان دونیایەکی پاکن و ئامانجمانە هەر لە سەرەتاوە نەوەیەکی ژینگەپارێز ڕابهێنین و پاراستن و ڕێزگرتن لە ژینگە بکەین بە کلتور لەلایان".

ک.س