گەرمیان، پاشماوەی دوو کارگە هەڕەشە لە تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دەکات

دانیشتوانی شاره‌دێی ڕزگاری، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە پاشماوەی دوو کارگەی دروستكردنی بۆری پلاستێك لە نزیک ماڵەکانیان بووەتە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی نه‌خۆشی پێست و هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیان و ژینگەی ناوچەکە‌، پسپۆرێكی بواری كیمیاش، پشت ڕاستی دەکاتەوە کە ئەو پاشماوانە مه‌ترسی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ و مرۆڤ.


له‌گه‌ڕه‌كی زه‌ماوه‌نگه‌ییه‌كانی شاره‌دێی ڕزگاری سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، دوو كۆمپانیای دروستكردنی بۆری پلاستێك هه‌یه‌، كه‌ تەنها ٤٠٠ مه‌تر له‌ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه‌ دووره‌، پاشماوەی ئه‌و ماددانەی له‌ ئه‌نجامی كاركردنی كۆمپانیاكه‌ دەمێنێتەوە، دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی توشی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ كردوه‌، به‌هۆی ئەوەی پاشماوەکان له‌چه‌ند چاڵێكی نزیك كۆمپانیاكه‌ فڕێ ده‌درێت، دانیشتوانی ئەو گەڕەکە نیگەرانییاکانیان‌ بۆ ڕۆژنیوز بەمشێوەیە خسەڕوو.

یونس سه‌مین، هاوڵاتیەکی دانیشتووی ‌گه‌ڕه‌كی زه‌ماوه‌نگه‌ییه‌كانە و لەسەر پرسەکە وتی: ئه‌و ماده‌یه‌ی له‌ناو چاڵه‌كانی نزیك كۆمپانیاكان فڕێ ده‌درێن به‌پێی به‌دواداچونه‌كانمان مه‌ترسی زۆری هه‌یه‌ بۆ سه‌ر مرۆڤ و ژینگه‌، به‌رده‌وام به‌هۆی نزیكی له‌ ماڵه‌كانمان، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی باو تۆزدا بۆنی پاشماوەکە دێته‌ ژووره‌كانمانه‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی توشی ته‌نگه‌ نه‌فسی ببین، وتیشی: ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی توشی نه‌خۆشی پێست بوون، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاركردنی ئه‌و كۆماپانیایا نه‌ و ئه‌و مادانەی‌ مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئێمه، بۆیه‌ داوای دوورخستنه‌وه‌یان ده‌كه‌ین.

سه‌ریاس ئیبراهیم، هاوڵاتیه‌كی دیكه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه ‌و وتی: پاشماوەی ئاو و ئاوەڕۆ و ئه‌و مادده‌ بۆره‌ی له‌ ئه‌نجامی كاركردنی كۆمپانیاكان ده‌رده‌چێت له‌ كارگه‌كانی پلاستیک، به‌ هیچ شێوەیەک ناچێتە سەر ئاوەڕۆی ڕزگاری، بەڵکو زەوی بۆ هەڵکنراوە دەچێتە ژێر زەویەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئاوی سەرەکی خواردنەوەی گەڕەکی ژاڵە و چەند گەڕەکێکی تر بیری ئێرتوازیە و چەند سەد مەترێک لەو چاڵی ئاوەڕۆیانەوە دورە، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ زیان به‌ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.

وتیشی: ئێمه‌ مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی زیاتر له‌و پاشماوه‌ و مادانه‌ی كارگه‌كه‌ ده‌كه‌ین، بۆیه‌ داوای سه‌ره‌كی ئێمه‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیه‌ بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ كه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی هه‌موومان هه‌یه‌.

لەسەر مەترسییەکانی پاشماوەکانی ئەو کارگە پلاستیکییانە و کاریگەرییەکانی، عه‌بدولموته‌لیب ڕه‌فعت، پسپۆر له‌ بواری كیمیا و مامۆستا له‌ زانكۆی گه‌رمیان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئه‌و مادانه‌ی به‌كاردێن له‌ دروستكردنی بۆری پلاستیك زیاتر له‌جۆری (Polyvinyl chloride) ه‌، كه‌ مه‌ترسی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ و مرۆڤ، ئه‌م ماده‌یه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شی نابێته‌وه‌ و هیچ زینده‌وەرێك نیه‌ شیبكاته‌وه‌ وكاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر مرۆڤ كه‌مبكاته‌وه‌، شاره‌زایانی بواری ژینگه‌ تا ئێستا ڕێگایه‌كی گونجاویان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌ی ئه‌م ماددانه.

وتیشی: ئه‌و ماده‌یه‌ی وەک پاشماوە‌ ده‌مێنیته‌وه‌ به‌ماده‌یه‌كی ترسناك داده‌نرێت له‌ ڕووی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ، زیاتر به‌شێوه‌ی ته‌نی سووك و به‌ ئاسانی تێكه‌ڵ به‌هه‌وا ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌ركه‌وتنی ئه‌و پاشماوانه‌ به‌مرۆڤ، ده‌بێته‌ هۆی توشبوونی مرۆڤ به‌هه‌ستیاری پێست یان هه‌ستیاری  كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان، وه‌ك نه‌خۆشی ڕه‌بوو یان شێرپه‌نجه.‌

سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دانیشتوانی گەڕه‌كی زه‌ماوه‌نگه‌ییه‌كان، سروه‌ محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌دێی ڕزگاری، بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ی كرد و وتی: چه‌ند جارێك به‌ كارگه‌ی پلاستیكه‌كانمان وتووه‌، پێویسته‌ پاشماوەی كاره‌كانتان ببه‌نه‌ ئه‌و شوێنه‌ی، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ڕزگاری بۆی دابینكردون، به‌و ڕێگایه‌ی كه‌ ده‌بێت بیكه‌نه‌ ژێر زه‌وییه‌وه‌ و به‌ خۆڵ دایپۆشن، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ لای فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیانه‌‌ و ده‌بێت ئه‌وان خه‌می چاره‌سه‌ركردنی بخۆن.

ک.س