گەشتیاران بە كەویە بەفری پڕژێ ڕووبەڕووی گەرمای هاوین دەبنەوە.. بە وێنە

كەویە بەفری پڕژێ‌ لە باڵەكایەتی، كە بەفری زستانی ساردە و بۆ ئەم هاوینە گەرمە ماوەتەوە، سەرنجی گەشتیارانی بۆخۆی ڕاكێشاوە، ئەوان بەو بەفرە ڕووبەڕووی گەرمای تاقەتپروكێن دەبنەوە.


دەڤەری باڵەكایەتی بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیاكەی، بە زۆری شاخ و كێوە بڵندەكانی و كەش و هەوا فێنكەكەی دەناسرێتەوە، لە زۆربەی شوێنەكانی باڵەكایەتی بەفری زستانی ساردی لێ دەمێنێتەوە، ساڵانە بەفری نوێ دەكەوێتە سەر بەفری كۆن، بەو شێوەیەش شاخی بەفرین دروست بووە، ئەوەش وایكردووە كە ببێتە ناوچەیەكی گرنگی گەشتیاریی و لە خواری عێراق و شارەكانی باشوری كوردستانەوە گەشتیاران ڕووی لێ‌ بكەن.

یەكێك لە كەویە بەفرەكانی باڵەكایەتی كە ئاشنایەتیەكی زۆری لای گەشتیاران بۆ خۆی دروستكردووە و ساڵانە لە زۆربەی شوێنەكانی كوردستان و عێراق گەشتیاری بۆ دەچێت، كەویە بەفری پڕژێ-یە، كە دەكەوێـتە قەد پاڵی چیای قەرەد لە زنجیرە چیاكانی حەساری سەكرانی باڵەكایەتی.

لەم هاوینە گەرمەدا ئاوێكی سارد لەژێر تاوێرە بەفر دێتە دەرەوە و ئەوەش وای كردووە بە سەدان گەشتیان بۆ بینینی ئەو دیمەنە و بردنی بەشێك لەو بەفرە و گرتنی وێنەی یادگاری سەردانی بكەن، بەتایبەتی لە ڕۆژانی هەینی و پێنج شەمماندا.

بەشێك لە گەشتیارانیش ئەو بەفرە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە بۆ ماستاو و دۆ ساردكردنەوە بەكاری دێنن.

ئەگەرچی ڕێگایەكی خراپ و ناخۆشی هەیە بۆ گەیشتن بە كەویە بەفری پڕژێ‌، بەڵام گەنج و پیر و منداڵ و ژن و بەساڵاچوو سڵ ناكەنەوە و پەیتا پەیتا بە ڕێگا سەختەكەیدا هەڵدەگەڕێن و خۆیان دەگەیەننە تاشە بەفرەكان.

 

ك.ك